Accessibility links

داعش هێز له‌ جه‌له‌ولا کۆده‌کاته‌وه‌


دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە داعش هێزێکى زۆرى لە ناحیەى جەلەولا کۆکردووەتەوە و مەترسى جوڵەکردنى چەکدارەکانى ئەو ڕێکخراوە بە ئاڕاستەى خانەقین لە ئارادایە ، ئێرانیش هۆشدارى دەداتە داعش لە پەلاماردانى قەزاى خانەقین.

هاتنە سەر خەتى ئێران لەم کاتەدا کە داعش لە نێو جەلەولادایە و تەنها بیست و سێ کیلۆمەتر لە قەزاى خانەقینەوە دورە ، بەهۆى ئەوەوەیە ئەو قەزایە دەکەوێتە سەر سنوورى ئێران و رۆیشتنى داعش بۆ ئەو سنوورانە مەترسى لەسەر ناوخۆى ئەو وڵاتە دروست دەکات.

ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، دەڵێت"داعش جموجۆڵى زۆرى لە جەلەولا دەستپێکردووە".

ئەنوەر حسێن بە دەنگى ئەمه‌ریکاى ڕاگەیاند"چەکدارەکانى جەلەولا لە سەڵاحەدینەوە هاوکارى لۆجستیان پێدەگات لە کاتێکدا ڕێگەى نێوان سەڵاحەدین و دیالە لەلایەن سوپاوە بچڕاوە، گرفت هەیە ئەگینا چۆن چەکیان پێدەکات".

بە گەیشتنى داعش بە سنوورى خانەقین مەترسى لەسەر کێڵگە نەوتیەکانى نەفتشاى ئێران دروست دەبێت ، بەو پێـیەى ئەو کێڵگە نەوتیانە دەکەونە سەر سنوورى عێراق لە نزیک قەزاى خانەقین، هەر بۆیە بەرپرسانى ئێران هۆشداریان دایە داعش و هەوڵدانیان بۆ پەلاماردانى خانەقین بە هەوڵێکى خۆکوژى وەسفکرد.

ئەنوەر حسێن، وتى"خانەقین بۆ ئێران ناوچەیەکى ستراتیژیە و چاڵە نەوتیەکانى نەفتشاى ئێران زۆر نزیکن لە خانەقینەوە، بۆیە دەبێت ئێران هەڵوێستى هەبێت".

هاتنە سەر خەتى ئێران و هۆشدارى دان بە داعش ترس و دڵەڕاوکێى لەنێو دانیشتوانى قەزاى خانەقین دا دروستکردووە ، چونکە پـێـیانوایە هاتنە سەر خەتى ئەو وڵاتە بە ماناى هەبوونى مەترسى دێت لەسەر قەزاکەیان.

شێخ یوسف لهێبى کەسایەتى دیارى عەرەبى سووننە کە لە کوردەوە نزیکە و جەلەولاى بەرەو خانەقین جێهێشتووە ، ئاماژە بە هەبوونى مەترسى دەکات لەسەر قەزاى خانەقین.

شێخ یوسف بە دەنگى ئەمه‌ریکاى ڕاگەیاند" ئێستا لە وەزعێکى مەترسیدارداین، سەرچاوەى مەترسیەکەش ئەوەیە داعش هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە و بەرەو خانەقین بێت".

هاوکات لەگەڵ هێنانى چەک و تەقەمەنى و هێزى زیاتر بۆ جەلەولا لەلایەن داعشەوە، هێزى پـێشمەرگەش لە تەواوى ناوچەکانى دەوروبەرى جەلەولا جێگیرکراون و بە وردى چاودێرى جم و جۆڵى داعش دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:22 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG