Accessibility links

محەمەدى حاجى مەحمود: داعش توانای پێشڕەویکردنى بە ئاڕاستەى هەرێمى کوردستان نەماوە


سکرتیرى حزبى سۆسیالیستى دیموکراتى کوردستان ، ئاشکرای دەکات لە قۆڵى موسڵ و کەرکوک و دیالەوە داعش تواناى پێشڕەویکردنى بە ئاڕاستەى هەرێمى کوردستان نەماوە، لە ئێستادا داعش بەرەو پارێزگاى ئەنبار و ناوچە سووننەنیشینەکان نزیک بەغدا دەڕوات .

محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێرى حیزبى سۆسیالیست کە لە ئێستادا وەکو فەرماندەیەکى هێزى پێشمەرگە لە قۆڵى کەرکوکەوە دەردەکەوێت ، ئاماژە بەوە دەکات پێشتر ترسیان لە پەلاماردانى کەرکوک لەلایەن دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام هەبووە بەڵام لە ئێستادا مەترسى لەسەر کەرکوک نەماوە.

محەمەدى حاجى مەحمود بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"پێشتر هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیە بوو داعش پەلامارى کەرکوک بدات و لە تەل ئه‌لوەرد و مەلا عەبدوڵا نۆزدە هێرشیان ئەنجامدا، بەڵام لە ئێستادا پێشمەرگەدا خەتێکى بەهێزى دروستکردووە و مەترسى لەسەر کەرکوک کەمبووەتەوە".

سەبارەت بە هێوربوونەوەى شەڕى نێوان داعش و هێزى پێشمەرگە لە ناوچە جێ ناکۆکەکان ، محەمەدى حاجى مەحمود وتى"داعش لە قۆڵى موسڵ و کەرکوک و دیالە پێشڕەوە ناکات بە ئاڕاستەى هەرێم بەڵکو پاشەکشە دەکات".

بەبڕواى سکرتێرى گشتى حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ، داعش لەگەڵ عەرەبى و سووننە و بەعسیەکان تێکەڵبوون و پێشتر سەرجەم وڵاتانى عەرەبى کۆمەکیان کردوون ، بەڵام لە ئێستادا کە داعش بەهێز بووە و چەکێکى زۆرى دەستکەوتووە ئەو وڵاتانە لە پشتیوانیکردنى پاشگەز بوونەتەوە.

محەمەد حاجى مەحمود ، وتیشى"داعش لەگەڵ سونە و بەعسیەکان تێکەڵ بوون و لەیەکترى جیا ناکرێنەوە ، بەهۆى دەستگرتن بەسەر چەک و تەقەمەنى شەش فیرقەى سوپا و پۆلیسى عێراق دا تەواو بەهێز بوون ".

سکرتێرى حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، پێیوایە مانەوەى داعش لە عێراق دا پەیوەستە بەبەشدارى کردنى سونەکانى عێراق لە حکومەت دا. محەمەدى حاجى مەحمود وتى"مانەوەى داعش پەیوەستە بەبەشداریکردنى سووننەکانى عێراق لە حکومەتدا ، رەنگە داعشەکانى ئەمڕۆ سبەى بەناوى سووننەوە بەشدارى لە حکومەتدا بکەن".

وتەکانى محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێرى حیزبى سۆسیالیست سەبارەت بە پێشڕەوى نەکردنى داعش بە ئاڕاستەى هەرێم ، لە کاتێکدایە دەوڵەتى ئیسلامى لە ناوچە جێ ناکۆکەکانى موسڵ و کەرکوک لە پاشەکشەدایە و بە ئاڕاستەى ئەنبار و بەغدا پێشڕەوى دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:01 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG