کاتژمێر 10 ى شەوى ڕابردوو چەکدارەکانى داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە سنوورى ناحیەى جەلەولا، شەڕەکە ههتا کاتژمێر 6 ى بەیانى بەردەوام بوو و دواتر چەکدارەکان بۆ ناو جەلەولا کشاونەتەوە.
دەستپێکردنى هێرش لەلایەن چەکدارەکانى جەلەولا بۆ سەر پێشمەرگە ، لە کاتێکدایە ماوەى چەند هەفتەیەکە شەڕ لەو قۆڵەوە وەستاوە، بەڵام بە وتەى فەرماندەکانى پێشمەرگە ئامادەکارى بۆ دەرهێنانى شەنگال لە ژێر کۆنترۆڵى داعش دەکرێت.
کامەران حەمەجان بەرپرسى ناوچەى جەلەولاى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات چەکدارەکان لە هەر سێ قۆڵى وادى عەوسەجى ڕۆژهەڵاتى جەلەولا له بازگەى تەوارى باکور و قۆڵى کۆباشى باکورى ڕۆژئاواوە پەلامارى پێشمەرگەیان داوە.
کامەران حەمەجان بە دەنگى ئەمهریکاى ڕاگەیاند"شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارەکان لە کاتژمێر 10 ى شەوەوە ههتا 6 ى سەر لە بەیانى بەردەوام بووە، دواتر چەکدارەکان کشاونەتەوە بۆ ناو جەلەولا".
سەبارەت بە ژمارەى چەکدارەکانى ناو جەلەولا ، کامەران حەمەجان وتى"چەکدارەکان لە ناو جەلەولادا نابینرێن دوو دوو یان سێ سێ لە ماڵەکاندا خۆیان حەشارداوە".
چەکدارەکان شەوى رابردوو ئەنجامدانى چەند تەقینەوەیەکیان کردە دەستپێک بۆ هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە ، کە لە ئەنجامى یەکێک لەو تەقینەوانەدا 5 پێشمەرگەى دێرین بوونە قوربانى.
ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا ، هۆکارى پەلاماردانى پێشمەرگە لەلایەن چەکدارەکانى جەلەولاوە بە هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەى فشارەکانى سەر داعش لە قۆڵى شەنگالەوە ناودەبات.
ئەنوەر حسێن بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند"داعش هەوڵدەدات ئەو فشارەى لە میحوەرەکانى ترەوە و بە تایبەت لە قۆڵى شەنگالەوە لە سەریەتى کەمبکاتەوە، بۆیە لە میحوەرەکانى ترەوە هێرش دەستپێدەکات".
لە ئەنجامى هێرشەکانى شەوى رابردووى چەکدارەکانى جەلەولا بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە گیان لەدەستدانى یەک پێشمەرگەى لێکەوتەوە ، بەڵام زیانى گروپە چەکدارەکان نەزانراوە.