وه‌ک سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له تورکیا ده‌ڵێن ئانکه‌ره مه‌رجی هه‌یه بۆ به‌شداری له‌شکریی له شه‌ڕی کۆبانیدا.
ئه‌م مه‌رجانه‌ش وه‌ک میدیای تورکیا ده‌ڵێن پاش کۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره کاربه‌ده‌ستانی تورک بووه له‌گه‌ڵ ساڵح موسلم، هاوسه‌رۆکی په‌یه‌ده.
تورکیا ده‌ڵێت ده‌بێت کانتۆنه‌کان له ڕۆژئاوای کوردستان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه و په‌یه‌ده په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا نه‌مێنێت و هه‌روه‌هاش په‌یه‌ده ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ناوخۆی تورکیادا نه‌کات.
گه‌وره کاربه‌ده‌ستێکی په‌یه‌ده نکوڵی ده‌کات له‌وه‌ی تورکیا گیچ مه‌رجێکی دانابێت.
که‌مال چۆمانی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر له دامه‌زراوه‌ی سیاسه‌تی کوردی ده‌ڵێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای داناون هه‌رچییه‌ک بن شیانی جێبه‌جێکردنیان نییه و ئه‌گه‌ر ئه‌و شیانه هه‌بووایه ئه‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌رپرسانی په‌یه‌ده له یه‌که‌م دانیشتنیانه‌وه له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی تورک‌دا جێبه‌جێیان ده‌کرد و ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌یان نه‌ده‌دا له پێناو پاراستنی کۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستانیشدا.
به‌ڕێز چۆمانی ده‌ڵێت یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌ی تا ئێستا تورکیا به‌شداری له شه‌ڕی داعشدا نه‌کردووه ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک داعشیان پێ باشتره له پارتی کرێکارانی کوردستان و ده‌شڵێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو ئانکه‌ره به‌رده‌وام بێت له‌و سیاسه‌تانه‌ی ئێستا پیاده‌ی ده‌کات ئه‌وا پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌ک سه‌رکرده‌کانیان ده‌ڵێن کۆتایی به پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌هێنن و ئاماژه‌ش به‌وه ده‌کرێت که ئه‌مجاره‌یان په‌که‌که شه‌ڕ له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانه‌وه ده‌ست پێناکاته‌وه به‌ڵکو له‌ناو تورکیا خۆیدا شه‌ڕی گه‌وره ڕووده‌ده‌ن و وه‌ک به‌ڕێز چۆمانی ده‌ڵێت زیانه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ش بۆ کورد و بۆ تورک وه‌ک یه‌ک ده‌بێت.
به‌ڵێن ساڵح وتووێژی له‌گه‌ڵ که‌مال چۆمانی نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر له دامه‌زراوه‌ی سیاسه‌تی کوردی کردووه.
زانیاری زیاتر له ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه: