Accessibility links

ژماره‌یه‌ک له‌ تاوانکارانی کۆمه‌ڵکوژی گوندی حه‌مید شه‌فی شارۆچکه‌ی مه‌نده‌لی ده‌سـتگیرده‌کرێن


دوانزە چەکدار لەو چەکدارانەى سەر بە گروپە توندڕەوەکانن و تۆمەتبارن بە دەستهەبوون لە کۆمه‌ڵ کوژیـیه‌که‌ی گوندى حەمید شەفى سەر ناحیەى مەندەلى لە لایەن سوپاى عێراقەوە دەستگیرکراون، بەڵام سێ تۆمەتباریان لە زیندان هەڵاتوون.

مەفرەزەیەک چەکدارى 24 کەسى سەر بە گروپە چەکدارەکان لە رۆژى 15/9/2007 پەلامارى گوندى حەمید شەفى کوردنیشینى سەر بە ناحیەى مەندەلى‌یان دا ، دواى کۆکردنەوەى سەرجەم دانیشتووانەکەى و جیاکردنەوەى پیاوانى گوندەکە لە ژن و منداڵ ، سەرجەم پیاوەکانیان کە ژمارەیان 15 کەس بوو لە پێش چاوى ژن و منداڵەکانیان گولـلە بارانیانکردن.

ژمارەیەک لەو چەکدارانەى کە تۆمەتبارن بە دەست هەبوون لەو کوشت و بڕە گەورەیه‌دا لە لایەن سوپاى عێراقەوە دەستگیرکراون ، کەسوکارى قوربانیەکانیش لە دادگاى دیالە سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوون.

ئازاد حەمید شەفى نوێنەرى کەسوکارى قوربانیەکانى گوندى حەمید شەفى، جەخت لەسەر دەستگیرکردنى 12 چەکدار لەو چەکدارانە دەکاتەوە کە تۆمەتبارن بە کوشتنى کەسوکارەکەى.

ئازاد حەمید شەفى بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند" 3 لە چەکدارە دەستگیرکراوەکان لە زیندان هەڵاتوون، بەڵام 9 چەکداریان لە زیندانى دیالە و بەغدان".

ناوبراو رەخنە لە دەزگا ئەمنى و پـۆلیسیەکانى پارێزگاى دیالە دەگرێت ، تۆمەتباریان دەکات بە رەخساندنى دەرفەت بۆ 3 چەکدارەکە هه‌تا هەڵبێن.

دواى هێرشى چەکدارە توندڕەوەکان بۆ سەر گوندەکەیان و کوشتنى سەرجەم کوڕ و مێردەکانیان، ژنانى نیشتەجێى گوندەکە بە کۆمەڵ گوندەکەیان بەرەو بەغدا بەجێهێشت، لە ئێستادا ئەو گوندەى مەندەلى کە گەورەترین کۆمەڵکوژى بەخۆیەوە بینى چۆڵکراوە.

رۆز مەحمود خێزانى یەکێک لە قوربانیەکانى گوندى حەمید شەفى، بەدەم هەنسکى گریانەوە باسى ئەو رۆژه‌ بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا ده‌کات کە چەکدارەکان هێرشیان کردبووه‌ سەر گوندەکەیان ، و گوتی"چەکدارەکان ژمارەیان 24 کەس بوو، سەرجەمیان جلى سەربازیان لەبەرکردبوو کاتێک هێرشیان کردە سەر گوندەکەمان".

رۆز درێژەى بە گێرانەوەکەى دا و روونیکردەوە چەکدارەکان ژن و منداڵى گوندەکەیان کۆکردووەتەوە و کوڕ و مێردەکانیان لە پێش چاو گولـلە بارانکردوون ، وه‌کو ئه‌و ده‌ڵێت"کۆمەڵکوژکردنى کوڕ و مێردەکانمان هه‌تا ئێستاش کاریگەرى دەروونى لەسەر زۆربەى ژن و منداڵەکان ماوە".

تۆمەتبارانى گوندى حەمید شەفى کە تازە دەستگیرکردنیان ئاشکرا بووە، هه‌تا ئێستا پرۆسەى دادگایـیکردنیان بەڕێوە نەچووە و لە زینداندان، هەرچەندە کەس و کارى قوربانیەکان پارێزەریان بۆ بەرگرىکردن لە دۆسیـیەکانیان گرتووە.

عەبدولحسێن عەباس بەڕێوەبەرى ناحیەى مەندەلى، ئاماژە بەوە دەکات چەکدارە تۆمەتبارەکان سەرجەمیان سەر بە رێکخراوى قاعیدە بوون، لە بنەڕەتدا خەڵکى ناوچەى نەداى نزیک ناحیەى مەندەلین.

ناوبراو بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی دەستگیرکراون خەڵکى ناوچەى نەداى سەر بە ناحیەى مەندەلین کە رێکخراوى قاعیدە لەو ناوچەیە پێگەى بەهێزە".

گوندى حەمید شەفى خەڵکەکەى کوردى شیعە مەزهەبن سەر ناحیەى مەندەلى رۆژهەڵاتى پارێزگاى دیالەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:42 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG