Accessibility links

هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ و سوپای عێراق چه‌ند گوندێـکی نزیک خورماتوو کۆنترۆڵ ده‌که‌ن


هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق پەلامارى گوندەکانى رۆژئاواى قەزاى خورماتوو دەدەن و ناوچەى حلێوە کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام بەهۆى بۆمبڕێژکردنى گوندەکانى رۆژئاواى داقوقەوە ، پێشمەرگە لەو سێ گوندە کشایەوە کە دوێنێ سێشه‌ممه‌ کۆنترۆڵى کردبوون.

بەرەبەیانى رۆژى سێشەمە هێزى پێشمەرگە هێرشێکى بەرفراوانى بۆ سەر گوندەکانى رۆژئاواى داقوق ئەنجام دا و دواى شەڕێکى چواردە کاتژمێرى پێشمەرگە گوندەکانى ( وەحدە ، سەعدە ، خالیدى ) کۆنترۆڵکرد و دواتریش لەو گوندانە کشایەوە.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە ، هۆکارى کشانەوەى هێزەکانیان بۆ ئەوە دەگێرێتەوە کە ئەو سێ گوندە لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە بۆمبڕێژکراون و هێزەکانى سوپاى عێراقیش لەو قۆڵەوە هیچ هێرشێکیان ئەنجام نەداوە، لە کاتێکدا بڕیار بووە هاوشانى پێشمەرگە پەلامارى داعش بدەن.

بە وتەى فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، ئامانج لە پەلاماردانى گوندەکانى رۆژئاواى داقوق بۆ دوور خستنەوەى دەستى گروپە چەکدارەکانە لە رێگەى سەرەکى نێوان کەرکوک بەغدا.

وەستا رەسوڵ بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"بەرەبەیانى رۆژى سێشەمە پێشمەرگە پەلامارى گوندەکانى رۆژئاواى داقوقیان داو و تا کاتژمێر شەشى ئێوارە شەڕ بەردەوامبوو، پێشمەرگە گوندەکانى وەحدە ، سەعد و خالیدى کۆنترۆڵکرد".

فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، روونیشیکردەوە بەهۆى بە دەنگەوه‌ نەهاتنى فڕۆکە عێراقیەکان و پەلامارنەدانى داعش لەلایەن سوپا و چاندنى بۆمبێکى زۆرەوە پێشمەرگە لەو گوندانە کشایەوە کە کەکۆنترۆڵى کردبوون".

دواى کشانەوەى هێزى پێشمەرگە لە گوندەکانى رۆژئاواى داقوق ، ئەمڕۆ چوارشەمە هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە دوو قۆڵەوە پەلامارى گوندەکانى حلێوەى گەورە و حلێوەى بچووکى رۆژئاواى خوورماتوویان کۆنترۆڵیانکرد، بە کۆنترۆڵکردنى ئەو گوندانە پەیوەندى نێوان چەکدارەکانى داعش لە پارێزگاى کەرکوک و دیالە دەبچرێت.

نوێنەرى قەزاى خورماتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، جەخت لەسەر پێشڕەویکردنى سوپا و پێشمەرگە و تێکشکانى چەکدارەکانى داعش دەکاتەوە.

مەلا حەسەن دووزى نوێنەرى قەزاى خورماتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند"پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە دوو قۆڵەوە پەلامارى چەکدارەکانى داعشیان داوە، پێشمەرگە گوندەکانى حلێوەى گەورە و حلیوى بچووکى کۆنترۆڵکردووە، سوپاش گوندەکانى پیر ئەحمەدى یەک و پیرئەحمەدى دووى کۆنترۆڵکردووە و بەرەو گوندى عەبود پێشڕەوى دەکات".

مەلا حەسەن وتیشى "گرتنى مەفرەقى حلێوە وادەکات چەکدارەکانى داعش لە کەرکوک نەتوانن بە ئاسانى پەیوەندى بە چەکدارەکانى دیالەوە بکەن".

هەردوو قەزاى داقوق و خورماتوو کە یەکەمیان 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکورى کەرکوکەوە و لە ڕووى ئیداریەوە سەر بەو پارێزگایەیە ، قەزاى دووەمیشیان کە پەنجا کیلۆمەتر دەکەوێتە باکورى پارێزگاى کەرکوک و لەرووى ئیداریەوە سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینە، هەردوو قەزاکە دەکەونە سنوورى ناوچە کێشە لە سەرەکانەوە و دانیشتوانەکەیان لە کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:13 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG