خه‌ڵـکی سکوتلا‌ند له ڕاپـرسیـیه مێژوویـیه‌که‌ی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه بڕیاریان دا له به‌ریتانیا جیا نه‌بنه‌وه و درێژه به‌و 307 سـاڵه بده‌ن که‌وا له ماوه‌یدا یه‌کیان گرتووه.
به‌پـێی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان 55.3% ی ده‌نگده‌ران ده‌نگیان بۆ مانه‌وه له چوارچێوه‌ی به‌ریتانیا داوه و 44.7% ی خوازیاری جیابوونه‌وه بوون. نزیکه‌ی 85% ی ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو به‌شـداریـیان له ڕاپـرسیـیهکهدا کرد.
ئه‌لێکس سالمۆند ڕێبه‌ری نهتهوهپهرسـتی سکۆتلاند دانی نا به شکسـتهێنانی هه‌وڵه‌که‌یان بۆ جیابوونه‌وه و گوتی " سکۆتلاند بڕیاری دا له‌م قۆناغه‌دا نه‌بێته وڵاتێـکی سه‌ربه‌خۆ. بڕیاری خه‌ڵکم قبوڵه و داوا له هه‌موو سکۆتلاند ده‌که‌م وه‌ک من ئه‌م بڕیاره دیموکراسیـیانهی گه‌لی سکۆتلاند قبوڵ بکه‌ن."
ده‌یڤد کامیرۆن سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا ڕۆژی هه‌ینی له وتارێـکدا خۆشـحاڵی خۆی به ئه‌نجامه‌کان ده‌ربڕی و گوتی " کاتی ئه‌وه هاتووه شانشینه یه‌کگرتووه‌که‌مان یه‌ک ڕیز بکه‌ین و هه‌نگاو به‌ره‌و پـێشه‌وه بنێن. گه‌لی سکۆتلاند به ڕوونی قسه‌ی خۆی کرد و بڕیاری دا پارێزگاری له یه‌کپارچه‌یی وڵاته‌که‌مان بکات به هه‌ر چوار پارچه‌که‌یه‌وه (سکۆتلاند و وێڵز و ئێرلاندی باکور و ئنگلته‌را) منیش وه‌کو ئه‌و ملیۆنان که‌سه‌ی دیکه‌ی وڵات خۆشـحاڵم به‌مه."
سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا له به‌شێـکی وتاره‌که‌ی به‌ڵێنی دا ده‌سه‌ڵاتی نوێ بداته هه‌ر چوار پارچه‌ی وڵاته‌که‌ی و گوتی هه‌ر وه‌ک چۆن سکۆتلاندیـیهکان ده‌سه‌ڵاتی زیاتریان ده‌بێت له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباریان، وه‌هاش خه‌ڵـکی ئنگلته‌را و وێڵز و ئێرلاند ئه‌و مافه‌یان ده‌بێت.
به‌ر له سازکردنی ڕاپـرسیـیه‌که، پارته‌کانی به‌ریتانیا به‌ڵێنیان به سکۆتلاندیـیهکان دا ئه‌گه‌ربێت و ده‌نگ بۆ مانه‌وه له چوارچێوه‌ی به‌ریتانیا بده‌ن ئه‌وا ده‌سه‌ڵات و مافی زیاتریان ده‌ده‌نێ.
خالید فه‌تاح له به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڕاپـۆرتی له‌م باره‌یه‌وه ئاماده‌کردووه.