Accessibility links

کۆمیته‌یه‌کیUN: داعش هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی به‌ ئاشـکرا خه‌ڵک له‌سێداره‌ ده‌دات


کۆمیته‌ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌کانی جه‌نگی ناو سوریا ده‌ڵێت حکومه‌تی سوریا و ڕێـکخراوی داعش تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تیـیان ئه‌نجامداوه‌.

کۆمیته‌که‌ که‌ له‌ لایه‌ن دیـپلـۆماتی به‌ڕازیلی پاوڵۆ پـێنێرۆ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرێت، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ ڕاپـۆرتێـکی 45 لاپه‌ڕیی باسی له‌ پـێشـێـلکاریـیه‌کانی ناو سوریا کرد.

له‌ ڕاپـۆرته‌که‌دا هاتووه‌ هێزه‌کانی حکومه‌تی سوریا له‌ مانگی چوار بۆمبی به‌رمیلیان بۆ سه‌ر هه‌شت ناوچه‌ی خه‌ڵـکی سیڤیل هه‌ڵداوه‌ که‌ گازی کلۆریان تێـدا بووه‌، هه‌روه‌ها تاوانی دیکه‌یان ئه‌نجامداوه‌ که‌ پـێویسته‌ لێـکۆڵینه‌وه‌ی یاسایـیان له‌سه‌ر بکرێت.

سه‌باره‌ت به‌ داعشیش، له‌ ڕاپـۆرته‌که‌دا نووسراوه‌ ئه‌م ڕێـکخراوه‌ هه‌ڵمه‌تێـکی ترس و تۆقاندن له‌ باکوری سوریا پـیاده‌ ده‌کات، له‌وانه‌ لـێکردنه‌وه‌ی سه‌ر و ده‌ست و قاچ و هه‌روه‌ها له‌سێداره‌دان و ئه‌شکه‌نجه‌دان به‌ ئاشـکرا. ده‌ڵێت ئیعدامکردن له‌ شوێنه‌ گشـتیـیه‌کاندا بووه‌ته‌ دیمه‌نێـکی ئاسایی که‌ هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له‌ ڕه‌قـقه‌ و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ژێر ده‌سـتی داعش له‌ پارێزگای حه‌له‌ب ده‌کرێن. ده‌شڵێت به‌ زۆر خه‌ڵـکی ناچار ده‌کرێن ئه‌م له‌سێداره‌دانانه‌ بـبینن، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات ئامانج لێی چاندنی ترسه‌ له‌ دڵی خه‌ڵکیدا.

هاوکات کۆمیته‌که‌ نیگه‌رانی خۆی نیشـان دا له‌باره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ براون بۆ مۆڵـگه‌کانی مه‌شق و ڕاهێنانیان، بۆیه‌ داوا له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌کات هه‌ر بڕیارێـک که‌ ده‌دات بۆ بۆردومانکردنی مۆڵگه‌کانی داعش ده‌بێت ڕێز له‌ یاسای جه‌نگ بگرێت.

XS
SM
MD
LG