پێشتر ده‌گوترا پێویسته کورد له عێراق نه‌بێته به‌شێک له شه‌ڕی دژی چه‌کداره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی که له به‌شێکی زۆری ناوچه سوننه نشینه‌کانی عێراق و سوریادا ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ڕاگه‌یاند.
ئێستا و پاش داگیرکردنی زومار و شنگال ئایا کورد ده‌بێته به‌شێک له‌و شه‌ڕه؟
دکتۆر ڕێبوار که‌ریم مه‌حمود، پسپۆڕی زانسته سیاسیه‌کان له زانکۆی سلێمانی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا داعش ئه‌نجامی بدات دروستکردنی هه‌رێمی تایبه‌ت بوو به سوننه ئاینزاکان به‌ڵام گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هات و بووه بابه‌تی دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی توندڕه‌و ، وه ده‌شڵێت ئه‌م گه‌مه‌یه ته‌نها کورد و داعش نایبه‌ن به‌ڕێوه به‌ڵکو گه‌مه‌ی هێزه نێوده‌وڵه‌تی هه‌رێمایه‌تیه‌کانه و هه‌ر ئه‌وانیش کوردیان له‌م بابه‌ته‌وه تێوه‌گلاندووه.
دکتۆر ڕێبوار ده‌ڵێت کورد ده‌توانێت ئه‌م شه‌ڕه بکات له‌ژێر چه‌تری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تێرۆردا و چونکه سوپای عێراقیش له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه ته‌نها هێزێک که بتوانێت ئه‌م شه‌ڕه بکات و ناوچه‌کان له داعش پاک بکاته‌وه ته‌نها کورده و ده‌شڵێت پێویسته سیاسیه‌کانی کورد ئه‌و پرسیاره‌ش له خۆیان بکه‌ن ئه‌گه‌ر کورد شه‌ڕی داعشی کرد چیی ده‌ستده‌که‌وێت؟ وه ده‌شپرسێت ئایا کورد شه‌ڕی داعش بکات و موسڵ له داعش پاک بکاته‌وه له پێناو ئه‌وه‌ی بیداته‌وه ده‌ست حکومه‌تی نێوه‌ندی عێراق؟
زانیاری زیاتر له ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه: