ساڵێک به‌سه‌ر مه‌رگه ناواده‌که‌ی گه‌وره شاعیری نه‌ته‌وه‌که‌ماندا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ساڵێکه شێرکۆ بێکه‌س جێی هێشتوین، ساڵێکه هێشتاش شیعری کوردی نه‌یتوانیوه پرسه‌ی ئه‌م کۆسته‌ی بشکێنێ. ساڵێکه شێرکۆی گه‌وره سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی کردووه به‌ڵام هێشتاش ئه‌وه‌تا له‌ژێر سایه‌ی شیعری ئه‌و پیاوه نورانیه‌دا دانیشتووین. خۆی لێره نییه له سه‌فه‌ره، به‌ڵام شیعری لێره‌یه، داهێنانی لێره‌یه، هه‌ناسه شیعریه‌کانی لێره‌ن.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندێتیه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س ئه‌وه‌یه که شاعیری نه‌ته‌وه‌یه‌که نه‌ک پارچه‌یه‌ک له کوردستانه‌که‌ی، زمانی ده‌ربڕینی و وێنه و خه‌یاڵه شیعریه‌کانی و جیهانبینیه‌که‌ی وه‌هایان کردووه که هه‌میشه وه‌ک گه‌وره شاعیر و باڵیۆزی وشه‌ی کوردی بناسرێت.
'' ئێمه ومردن"
له راستیدا
ئێمه ژیانین وگه‌نجه‌کانمان ئاینده‌ن ونابڕێنه‌وه
ئێمه چیاین ناگوێزرینه‌وه
ئێمه شعرین وشک نابین
باهۆزین نانوشتێینه‌وه
زاوزێ ی ئازادی گه‌لین وکۆتایمان هه‌ربۆنیه
ئێمه ژیان هه‌رخۆین ناتوینه‌وه
ده‌پێم بلێن له‌م ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژئاوا
له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه
له کۆنه‌وه تا ئێستا سێداره‌کان چی‌یان له ئێمه داکوشت
توانیان چی له هاواری شۆرش وئازایمان که‌م بکه‌نه‌وه
سێداره‌کان توانیان شاهۆ بترسێنن
توانیان ده‌ریاچه‌ی وان و ورمێ بێده‌نگ بکه‌ن
توانیان چۆک به پیره‌مه‌گرون دابده‌ن
ئه‌وه‌ی تائێستا سێداره‌کان کردویانه، پێچه‌وانه‌که‌ی هاتۆته دی
کاروانمان درێژتر بۆته‌وه، ده‌نگمان زوڵاتر وئاپۆره‌مان چڕوپڕتر وگه‌وره‌تر
سێداره‌کان ترساون، له کورد ترساون
سێداره‌کان به‌زیون وئێمه هه‌رماوین
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی پیرپیر بووه وبه‌ڵام ئێمه هه‌رگه‌نج
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی خوارخوار بۆته‌وه وبه‌ڵام ئێمه
تازه وا خه‌ریکین له مله به‌رزه‌وه ده‌ست بۆ خۆر به‌رین ودایگرینه سه‌ر عه‌رز
له‌م به‌یانییه‌وه شه‌قامی هه‌ره گه‌وره‌ی سنه بوو به فه‌رزادی که‌مانگه‌ری
له‌م به‌یانییه‌وه گه‌وره‌ترین باخچه‌ی مه‌هاباد بوو به شیرینی عه‌له‌م هولی
له کازیوه‌ی ئه‌مرۆوه، هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی له دایک بوون
ناوی فه‌رهادی وه‌کیلیان لێ نرا
له‌مرۆوه، له یه‌که‌م گزینگی ده‌مه‌وبه‌یانییه‌وه، مه‌هدی ئیسلامیان بوو به گۆمی وان
له شه‌فه‌قی ئه‌مرۆوه، عه‌لی حه‌یده‌ریان بوو به تاق بوستانی کرماشان
ده‌فه‌رموون سنه له سێداره بده‌ن
مه‌هاباد سه‌ر بڕن
ده‌فه‌رموون مه‌هێلن منداڵانی ئێمه له دایک ببن
ده‌فه‌رموون مه‌هێلن باران ببارێ ومه‌هێلن گیا سه‌وز بێ ومه‌هێلن زه‌وی بژی
من ئیتر له مرۆوه عاشقی چاوه‌کانی شیرینی عه‌له‌م هولیم
له‌مرۆوه هه‌رچی شعرم هه‌یه ئه‌یانکه‌م به گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرینی عه‌له‌م هولی
له ئێسته‌وه من تالێ له قژی ئه‌وم
له ئێسته‌وه من نینۆکی په‌نجه‌ی ئه‌وم
له ئێسته‌وه من ئیتر ده‌بمه ئه‌و جووته پێڵاوه‌ی که دواجار له پێێ کرد و پێێ چوو سه‌ر سێداره
له ئێسته‌وه من بازنه‌ی به جێ ماوی ده‌ستی شیرینی عه‌له‌م هولیم
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی چی له سێداره نه‌دا
له خه‌ونه‌وه بۆ شعر‌و له شعره‌وه بۆ ژن وله ژنه‌وه بۆ نان وبۆ ئاو و بۆ کانی
کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی ئه‌وه‌ی هه‌رگیزاوهه‌رگیز ناتوانێ له سێداره‌ی بدا
ئاینده‌یه وئازادی
مێژوو، به‌سه‌رهاته‌کان، ڕووداوه‌کان پانتاییه‌کی زۆری شیعری شێرکۆ بێکه‌سیان گرتووه، به‌رده‌وام وه‌ک مرۆڤێک و وه‌ک شاعیرێکیش ئاماژه‌ی به‌وه کردووه کاتێک ڕابردوو له ژیان ده‌ربکرێت چی ده‌مێنێته‌وه و هه‌رگیزیش مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا نییه، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌ش ده‌کرده‌وه که نوسه‌ر و شاعیر مێژوونووس نین.
شێرکۆ بێکه‌س ئه‌و شاعیره بوو به سییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ناسه‌ی ده‌دا و به چاوی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌یبینی و به زمانه ڕه‌سه‌نه‌که‌شی ده‌دوا.
ئه‌م شاعیره گه‌وره‌یه‌مان هاوڕێی کورد و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و سه‌ربه‌خۆیی کوردان بوو، به‌رله‌وه‌ی وه‌ک خۆی ده‌فه‌رموێت " به‌ر له‌وه‌ی شیعر به چاکی بناسم وشه‌ی کورد و کوردستان و شه‌هید و قوربانیم ناسیوه. ئه‌مانه یه‌که‌مین گه‌رای خۆشه‌ویتییان له‌ناو ڕۆحی مندا داناوه"
داهێنان لای شێرکۆ هێنده‌ی نوسینی شیعرێکی نوێ گرنگ بووه، داهێنانی له شیعرێکیدا له داهێنانه‌کانی پێشتری نه ده‌چوو، له (ده‌ربه‌ندی په‌پوله) دا گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان به زمانێکی شیعر ئامێز ده‌بێته داهێنان، له (کورسی) دا کاتێک له زمانی لقی دره‌ختێکه‌وه باسمان له ئازار و خه‌ون بۆ ده‌کات و ده‌یکاته داهێنانێکی تر و له (داستانی هه‌ڵۆی سوردا) شکست ده‌کاته که‌ره‌سته‌ی داهێنان بۆ هه‌ڵسانه‌وه.
ئه‌وکاته‌ی شێرکۆ بێکه‌س ده‌نوسێت، یانی نه‌خشاندنێکی هاوچه‌رخانه و ڕه‌ونه‌ق پێدانێکی ڕه‌سه‌ن به‌و شته بچوک و فه‌رامۆشکراوانه‌ی ناو مێژووی کۆن و نوێمان.
شێرکۆ بێکه‌س، کوڕی شاعیری ناسراوی کورد فایه‌ق بێکه‌س، رۆژی 2 / 5 / 1940 له گه‌ڕه‌کی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی له‌دایک بووه. یه‌که‌مین شیعری خۆی له‌ته‌مه‌نی (17)ساڵیدا بڵاوکردۆته‌وه، ساڵی 1968 یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه شیعری خۆی به‌ناوی (تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست)، له شاری به‌غدا چاپکردووه، ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک شاعیر و نووسه‌ردا بانگه‌وازی ئه‌ده‌بی (ڕوانگه) یان بڵاوکرده‌وه.پاش به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک شاعیر و نووسه‌ری تردا له‌به‌غدا یه‌که‌مین به‌یاننامه‌ی ئه‌ده‌بی (ڕوانگه)یان بڵاوکرده‌وه، که بانگهێشتی بۆ تازه‌گه‌ری و نوێخوازی له‌ئه‌ده‌بی کوردی دا ده‌کرد. ساڵی 1988 له‌لایه‌ن یانه‌ی قه‌ڵه‌می سویدیه‌وه، خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی(تۆخۆلسکی) پێ به‌خشراوه.
میوانی به‌رنامه:
ڕه‌ئوف بێگه‌رد، چیرۆکنوس.
شیعره‌کانی شێرکۆ بێکه‌س بۆ گه‌لێک زمانی بیانی وه‌رگێڕدراوه له‌وانه ( ئینگلیزی ، ئه‌ڵمانی ، فه‌ره‌نسی ، ئیتاڵی ، سویدی ، تورکی ، عه‌ره‌بی ، فارسـی ).
ڕۆژی 4 ی مانگی هه‌شتی ساڵی 2013 شێرکۆ بێکه‌س له پاش نه‌خۆشیه‌کی قورس له نه‌خۆشخانه له شاری ستۆکهۆڵم، پایته‌ختی سوید، دوا سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی کرد.
له ده‌می ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌که‌یدا، شێرکۆ بێکه‌س وه‌سێتنامه‌ی خۆی نوسی تا له پارکی ئازادی شاری سلێمانی بچیته‌وه ئامێزی دایکه نیشتیمان:
"ئه‌وه‌ی راستی بێت من نامه‌وێت له‌هیچ کام له گردو گردۆڵه‌کاندا بنێژرێم که‌دیارن و ناویان ئه‌برێ، یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕبوونه‌ته‌وه‌و دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (من حه‌ز به قه‌ره‌باڵغی زۆر ناکه‌م!!) من ئه‌مه‌وێ ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی شاره‌وانی‌و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی شاره‌که‌م رێگه‌م پێبداو ئه‌وه‌م پێ ڕه‌واببینن که له‌پارکی ئازادیداو به‌ته‌نیشت مۆنۆمێنته‌که‌ی شه‌هیدانی 1963 ی سلێمانیه‌وه بمنێژن.. (ئه‌وێ خۆشتره‌و ته‌نگه‌نه‌فه‌س نابم)... من حه‌ز ئه‌که‌م به مردوویش نزیکی ئه‌و خه‌ڵکه‌و ژن‌و پیاوه‌ی شاره‌که‌م‌و ده‌نگی مۆسیقا‌و گۆرانی‌و هه‌ڵپه‌ڕکێ‌و یانه جوانه‌کانی ئه‌و پارکه بم.
باکتێبخانه‌که‌م و دیوانه‌کانم و وێنه‌کانم ببرێن بۆ شوێن مه‌زاره‌که‌م ، با کافتریایه‌ک‌و باخچه‌یه‌کی بچکۆلانه له‌و شوێنه‌دا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی شاعیران و نو‌سه‌ران و کچ‌و کوڕی دڵدار ببنه میوانم ، من ئه‌مه‌وێ له ئێسته‌وه به‌چاوی خه‌یاڵ ته‌ماشای ئه‌و پارکه بکه‌م و دوای مردنی خۆم ببینم ، ئه‌مه‌وێ به‌ده‌م چریکه‌ی دیلان‌و ئه‌ڵڵاوه‌یسیه‌که‌ی مه‌ردان‌و سرودی (خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی) بێکه‌سه‌وه ئاڵای کوردستانم تێوه‌پێچرابێ‌و بنێژرێم، من ئه‌مه‌وێ له پرسه‌که‌مدا مۆسیقا لێبدرێت، له‌ناو مه‌زاره‌که‌مدا تابلۆی جوانی هونه‌رمه‌ندانی شاره‌که‌م هه‌ڵبواسن، من ئه‌مه‌وێ دوای خۆم‌و به‌ناوی (بێکه‌س)ه‌وه خه‌ڵاتێکی ساڵانه ته‌رخان بکرێ و بدرێت به جوانترین دیوانه شیعری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و ساڵه‌و خه‌رجی ئه‌م خه‌ڵاته‌یش له‌و میراته بدرێ که جێیده‌هێڵم".
ڕه‌ئوف بێگه‌رد، نه‌ک هه‌ر وه‌ک دوو نوسه‌ر یه‌کیان ناسیوه، به‌ڵکو هاوڕێیه‌کی دێرین و نزیکی شێرکۆشه. له به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌گه‌ڵ چیرۆکنوس ڕه‌ئوف بێگه‌رد گه‌شتێک به قۆناغه‌کانی ژیانی گه‌وره شاعیری کورد (شێرکۆ بێکه‌س) دا ده‌که‌ین.
زانیاری زیاتر له ده‌قی به‌رنامه‌ی "ژیان له فه‌رهه‌نگدا" یه: