حکومه‌تی سوریا پـێشوازی له دامه‌زراندنی ناوبژیوانێـکی نێوده‌وڵه‌تی نوێ کرد، که له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه دانراوه بۆ کۆتایی‌هێنان به شه‌ڕی ناوخۆی سوریا.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا ڕۆژی چوارشه‌ممه له نامه‌یه‌کیدا بۆ بان کی مون سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نووسیویه‌تی حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی به دامه‌زراندنی ستیفان دی میستو‌را خۆشحاڵه له‌و ڕوانگه‌یه‌ی بڕوای به چاره‌سه‌ری سیاسی هه‌یه بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی زیاتر له سێ سـاڵه وڵاته‌که‌ی تێدایه. ده‌ڵێت ئه‌مه‌ش ده‌کرێت له ڕێگه‌ی وتووێژی نێوان سوریـیه‌کان و به سه‌رپه‌رشـتی سوریا خۆی بکرێت.
هه‌روه‌ها له نامه‌که‌دا هاتووه حکومه‌تی سوریا ده‌خوازێت دی میستو‌را ڕێبازێـکی بابه‌تیـیانه بگرێته‌به‌ر و به پاکی کاره‌که‌ی بکات و ڕێز له یاسای نێوده‌وڵه‌تی و بنه‌ما و ئامانجه‌کانی ده‌ستورنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بگرێت، له سه‌روو هه‌موویانه‌وه سه‌روه‌ری نیشـتیمانی و ده‌ست وه‌رنه‌دان له کاروباری ناوخۆ و ڕێزگرتن له خواست و بژاره‌ی خه‌ڵـکی سوریا.
جێی ئاماژه‌یه سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له 10 ی مانگی حه‌وت دی میستو‌رای له‌م پـۆسته دامه‌زراند تاوه‌کو شوێنی ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی بگرێته‌وه که له مانگی پـێـنجی ڕابردوو ده‌سـتبه‌رداری ئه‌و ئه‌رکه بوو.
ستیفان دی میستو‌را پـێشـتر له عێراق و ئه‌فغانسـتانیش وه‌ک نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کاری کردبوو.