ڕاوێژکارێـکی وه‌زیری ناوخۆی ئۆکرانیا ده‌ڵێت فڕۆکه‌یه‌کی نه‌فه‌رهه‌ڵگری هێڵی ئاسـمانی مالیزیا له‌سه‌ر شـارۆچکه‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ی خراوه‌ته خوارێ که ده‌ڵێن 295 سه‌رنشینی تێدابووه.
ئانتۆن گێراشینکۆ (Anton Gerashenko) ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه له‌سه‌ر فه‌یسبوکه‌که‌ی خۆی نووسیویه‌تی فڕۆکه‌که که له به‌رزایی 10 کیلۆمه‌تر له ئاسماندا ئه‌فڕی، موشه‌کێـکی سیستمی دژه ئاسـمانی جۆری بوکی به‌رکه‌وتووه (Buk) .
په‌یامنێرانی ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێس ده‌ڵێن پـێشـتر ئه‌مڕۆ ئه‌و جۆره سـیستمه‌یان له نزیک شـارۆچکه‌ی Snizhne بینیوه.
هێڵی ئاسمانی مالیزیا لای خۆیه‌وه ڕایگه‌یاند په‌یوه‌ندی به فڕۆکه‌ی گه‌شتی ژماره MH17 نه‌ماوه که بڕیاربوو له ئه‌مستردامی هۆڵه‌نداوه به‌ره‌و کوالا لامپـوری پایته‌ختی مالیزیا بچێت. ده‌شڵێت په‌یوه‌ندیـیه‌که له‌و ده‌مه‌دا بڕاوه که له‌سه‌ر ئاسـمانی ئۆکرانیا ده‌فڕی.