بۆردومانکردنى چەند ناوچەیەکى موسڵ لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانى حکومەتى عێراقەوە کاردانەوەى لێ دەکەوێتەوە و بەرپرسانى شارى موسڵ دەڵێن دەیان هاوڵاتى سیڤیل بەهۆى بۆردومانەکانەوە له ماوهی چهند ڕۆژی ڕابردوو کوژراون.
ئێوارەى چوارشهممهش چەند ناوچەیەکى ڕۆژئاواى شارى موسڵ، لەوانە گەڕەکى نەهرهوان و باش تابیا بە چڕى بۆردومانکران و بەپێى وتەى کاربەدەستانى تەندروستى موسڵ دەیان هاوڵاتى سیڤیل کوژراون و برینداربوون.
یەحیا عەبد مەحجوب ئەندامى خۆلى پێشووى ئەنجومەن پارێزگا و سەکردە لە حزبى ئیسلامى عێراقى لە موسڵ به دەنگى ئەمهریکای وت که بۆردومانەکان بە کارێکى تیرۆرستى ناوى دەبات و دەڵێت هەرەمەکین و جیهانیش لەو پێشێلکاریەى حکومەت بێ دەنگە.
شایەنى باسە مانگێک بەسەر کەوتنى شارى موسڵ و دەسەڵاتى داعش لەو شارە تێدەپەڕێت تاوەکو ئێستاش حکومەتى عێراق نەیتوانیوە شارەکە لە دەست چەکداران بهێنێتە دەرەوە و ههتا دێت دەسەڵاتى چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى بەهێزتر دەبێت بە جۆرێک داعش دەستى بەسەر هەموو جومگە هەستیارەکانى ئەو شارەدا گرتووە لەوانە کەرەستەى ئەتۆمى کە لە تاقیگاکانى زانکۆى موسڵ بووە. ئەمە جگە لەوەى ههتا دێت گوزەرانى دانیشتوانى ئەو شارە و تەنانەت ئاوارەکانیش لە هەموو ڕوویەکەوە خراپتر دەبێت.