نیوەڕۆى ڕۆژی چوارشهممه چەند چەکدارێکى سەر بە گروپى بەناو دەوڵەتى ئیسلامى له عێراق و شام (داعش) هێرشیان کرده سەر گوندى (عومەر کان) ى زۆرینە شەبەکى شیعە و مەزارى ئیمام عەباس و حوسهینیـیەى گوندەکەیان تهقاندهوه و زیاتر لە 20 گەنجى شیعەى ئەو گوندەشیان ڕفاند.
لەم بارەیەوە لە لێدوانێکى تایبەتیدا بۆ دهنگی ئهمهریکا عەلى محەمەد فەتحى بەڕێوهبەرى ناحیەى بەرتڵڵە گوتی ئەو گوندە لە دوورى 5 کێلۆمهتر لە رۆژئاواى شـارۆچکهی حەمدانیـیەیه و له دەرەوەى سنوورى ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى پـێشمەرگەیه.
لە لایەکى تریشەوە چەند شایهتحاڵێـک لە موسڵەوە بە دەنگى ئەمهریکان گوت کەوا شەوى رابردوو فڕۆکە جەنگیـیەکانى سوپاى عێراق چەند ناوچەیەکیان لە ڕۆژئاواى موسڵ بۆردومانکرد، لەوانە گەڕەکى تەنەک و ئیسلاح زراعی.
لەم بارەیەوەش دکتۆر محەمەد فازڵ کەشمولە سەرۆکى فەرمانگەى تەندروستى نەینهوا بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند بەهۆى بۆردومانکردنى خانویەکى تەنیشت فەرمانگاکەیان لە لایەن فرۆکەکانى سوپاى عێراقەوە زیانى زۆر بەر فەرمانگەى تەندروستى کەوتووە و 2 پاسەوانیشیان برینداربوون. ئەو لەبارەى هۆکارى بۆردومان کردنى ئەو خانوە گوتى شوێنى کۆبوونەوەى چەکداران و تەوبەدان بوو بەو کارمەندانەى سوپا و پۆلیس کە لەناو ڕیزەکانیاندا بوون.
شایەنى باسە دواى کۆنترۆڵکردنى شارى موسڵ لە لایەن چەکدارانەوە لە 10ى مانگى ڕابردوو ماوەیەکە چەکداران هەوڵەکانیان چڕتر کردۆتەوە لە وێرانکردن و نەهێشتنى کەنیسە و حوسهینیـیەکان. چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گەڕەکى ڕەشیدیە و گوندى شرێخان کە دانیشتوانیان تورکمانى شیعەن چەکداران تەواوى مەزارگا و حوسهینیـیەکانیان تەقاندەوە.