Accessibility links

کێری و لاڤرۆڤ له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کان بۆ سـازکردنی وتووێژی ئاشـتی بۆ سوریا ڕێـک‌ده‌که‌ون


جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیـیه‌که‌ی هه‌وڵێـکی نوێ ده‌ده‌ن بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و کۆنگره‌ ئاشـتیـیه‌ی له‌ مێژه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ سـازبکرێت بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا.
هه‌ردوو وه‌زیر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ جنێڤ پـێـکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی نێردراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ قه‌یرانی سوریا کۆبوونه‌وه‌ بۆ تاووتوێـکردنی پـلانێـکی ڕووسیا بۆ چۆنێتی دانانی چه‌که‌ کیمیاویـیه‌کانی سوریا له‌ ژێر کۆنترۆڵی نێوده‌وڵه‌تیـیه‌وه‌ تاوه‌کو ئه‌مه‌ریکا گورزی له‌شـکری له‌ وڵاته‌ نه‌دات.
کێری و لاڤرۆڤ ڕێـکه‌وتن جارێـکی دیکه‌ له‌ کۆتایی ئه‌م مانگه‌ له‌ نیویۆرک کۆبـبنه‌وه‌ بۆ گفتوگۆکردن له‌ باره‌ی وتووێژه‌کانی ئاشـتی که‌ دوایه‌مینی له‌ مانگی شه‌شی 2012 به‌ڕێوه‌چوو.
جان کێری گوتی هه‌ر به‌ره‌و پـێشـچوونێـک بێته‌ ئاراوه، ئه‌وا‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر سه‌رکه‌وتنی هه‌وڵی داماڵینی چه‌که‌ کیمیاویـیه‌کانی سوریا.
سوریا له‌ دوێنێ پـێـنجشه‌ممه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ڕایگه‌یاند که‌وا چووه‌ته‌ ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ ڕێـکه‌وتنـنامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمیاوی قایل بوون، به‌ڵام ده‌ڵێت یه‌ک مانگ بواری هه‌یه‌ تاوه‌کو زانیاریـیه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ چه‌که‌ کیمیاویـیه‌ عه‌مبارکراوه‌کانی ڕاده‌ستبکات.
به‌شـار ئه‌سه‌د ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ گوتی سه‌ودای داماڵینی چه‌کی کیمیاوی وڵاته‌که‌ی ته‌نها به‌و مه‌رجه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گات، ئه‌گه‌ربێت و ئه‌مه‌ریکا وازبهێنێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی له‌شـکری بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌ی.
سه‌رۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پـوتن ئه‌مڕۆ هه‌ینی سـتایشی سوریای کرد بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی داویه‌تی بۆ چوونه‌ ڕیزی وڵاتانی گازی ژه‌هراوی قه‌ده‌غه‌ده‌که‌ن، ده‌ڵێت ئه‌مه‌ نیشـانی ده‌دات حکومه‌تی سوریا نیازێـکی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌که‌.
ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ جان کێری گوتی پـێویسته‌ سوریا ده‌ست‌وبرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کاربکات، هۆشـداری دا که‌وا ڕه‌نگه‌ به‌کارهێنانی هێزی ئه‌مه‌ریکا له‌ دژی سوریا پـێویست بێت ئه‌گه‌ر بێت و واشنتن به‌ چۆنێتی کاردانه‌وه‌ی به‌شـار ئه‌سه‌د قایل نه‌بێت.
XS
SM
MD
LG