بۆ شی‌لای سیاسه‌تمه‌داری چینی له حزب و ده‌سه‌ڵات ده‌رکراو، ئه‌و تۆمه‌تی به‌رتیل‌خواردنه‌ی ڕه‌تکرده‌وه که ئه‌مڕۆ پـێـنجشه‌ممه ئاڕاسته‌ی کرا له ده‌می دادگایی‌کردنی له‌سه‌ر یه‌کێـک له گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵیـیه سیاسیـیه‌کانی که له ده‌یان سـاڵی ڕابردوو له‌و وڵاته‌دا ڕوویان داوه.
بۆ شی‌لای که له‌وه‌دا بوو بـبێته یه‌کێـک له ڕابه‌ره باڵاکانی چین، هه‌روه‌ها دادگایی‌یش ده‌کرێت به تاوانی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات له په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی گوایه هاوسه‌ره‌که‌ی کاردارێـکی به‌ریتانی کوشتووه.
له دانیشتنه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا، سه‌ره‌تا دادگا سه‌نگی خسته سه‌ر تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ شی‌لای له ماوه‌ی چه‌ند سـاڵێـکدا 4 ملیۆن دۆلاری به شێوه‌یه‌کی نایاسایی وه‌رگرتووه. به‌ڵام ئه‌و به تایبه‌تی ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ڕه‌تکرده‌وه که به‌رتیلی وه‌رگرتبێت له سه‌رۆکی کۆمپانیایه‌کی ئاوه‌دانکردنه‌وه له شـاری دالیانی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که.
له دادگایی‌کردنه‌که‌دا، بۆ شی‌لای که پـێشـتر وه‌ک سه‌رۆکی شـاره‌وانی و سـکرتێری حزبی شیوعی شـاری دالیان کاری کردبوو، له دان پـیادانانه‌کانی پـێشـووی پاشگه‌زبوویه‌وه و گوتویه‌تی بیری نه‌ماوه و هه‌روه‌ها به ته‌واوی له‌و تۆمه‌تانه تێنه‌گه‌یشتووه که ئاڕاسته‌ی کراون.
هه‌روه‌ها به توندی وه‌ڵامی گه‌واهیدانه‌که‌ی تانج شیاولین سه‌رۆکی کۆمپانیای دالیان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی دایه‌وه و گوتی هه‌وڵ ده‌دات تاوانی بۆ هه‌ڵبـبه‌ستێت.
له‌م دادگایی‌کردنه‌ی ئه‌مڕۆدا بۆ شی‌لای ته‌مه‌ن 64 سـاڵ بۆ یه‌که‌م جار بینرا له‌وه‌تای له مانگی سێی سـاڵی 2012 ده‌سـتگیرکراوه.
به‌پـێی که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ناوه‌ندی چین CCTV دادگایی‌کردنه‌که له دادگایه‌کی شـاری جینانی پایته‌ختی هه‌رێمی شاندۆنگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بڕیاره بۆ دوو ڕۆژ به‌رده‌وام بـبێت و چاوه‌ڕوانیش‌ده‌کرێت له سه‌ره‌تای مانگی نۆدا دادگا بڕیاری خۆی له‌سه‌ر بدات.
ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی شینخوا ده‌ڵێت بۆ شی‌لای هیوای خواستووه دادگایی‌کردنه‌که به شێوه‌یه‌کی ڕه‌وا و حه‌کیمانه به‌ڕێوه‌بچێت.