Accessibility links

چەند دێڕێک لە یادی فەلەکه‌دین کاکەیی، باوکی پڕشەنگ


 فەلەکەدین کاکەیی
فەلەکەدین کاکەیی
لە سەرەتای حەفتاکان لەو کاتەی لە تاڤی لاویەتیدا بووم رۆژنامەێ ( التاخی ) کە برایەتی هەر وەها بە زمانی کوردی پاشکۆی بوو دەست بە بڵاوکردنەوەیان کرد و یەکێک لە هەرە سێ بەناوبانگترین رۆژنامەکانی عێراق بوو شانی بە شانی (الثورە و الجمهوریە) کە هەردوو زمانی فەرمی پارتی بەعس بوون و التاخی یش زمانی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سامی عەبدولڕحمان ئەندامی م.س پارتی دیموکراتی کوردستان(پدک)، ساڵح یوسفی ئەندامی م.س، دارا تەوفیق ئەندامی کۆمیتەێ ناوەندی وە حەبیب محەمەد کەریم فەیلی سکرتێری گشتی پدک کە هەموو ئەمڕۆ لە نێوانماندا نیین و ماڵئاواییان کردوون لە سەرنووسەرانی التاخی بوون تا کاتی راوەستانی لە ساڵی ١٩٧٤.
زیندە یاد عەبدولمەجید لوتفی کە خەڵکی خانەقین بوو وە زیندە یاد فەلەکه‌دین کاکەیی کە خەڵکی کەرکوک، هەردوو لە هەرە بە تواناترین نووسەرانی ڕۆژنامەکە بوون و هەر کام لە لاپەرەێ دوایی رۆژنامەکەدا خانەێ تایبەتی خۆیان هەبوو کە زیندە یاد فەلەکدین کاکەیی لە ژێر ناوی (ابو پرشنگ) واتە باوکی پرشەنگ کە ناوی کچەکەیەتی ووتارەکانی بڵاو دەکردەوە.
من رۆژانە لەبەر ئەو دوو زیندە یادە رۆژنامە کم دەکڕی.
فەلەکه‌دین بێجگە لەوەی گڕی گەرمای گەرمیان لە پێنوسەکەیەوە دەهات و لە ڕۆژانی بەرەنگاربونەوەدا لەگەڵ بەعس بەرامبەر بە رۆژنامەکانی الثورە و الجمهوریە لە نەبەردا بوو هەر وەها داستان نووسیش بوو.
لە ساڵی ١٩٧٤ لەو کاتەی رێکەوتنامەی ١١ ئازار کۆتایی پێ هاتوو و مەردم چوونە شاخ، دەنگۆێ ئەوە هەبوو فەلەکه‌دین باس لە تیۆری جیهانی چواره‌م دەکات کە کوردییش بەشێک لەو جیهانەیە. بە داخەوە تا ئێساش چاوم بەو نووسینە نەکەوتوە.
فەلەک مرۆڤێکی زۆر خاکی و میهرەبان بوو، نەک هەر یارسان بوو بەڵکۆ یار و یاوەری هەموو لایەکیش بوو، دژ بە شەڕی برا کوژی بوو، وەکو باس دەکرێت سەرەڕای ئەوەێ لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بگرە لە دەمی ناکۆکیەکانیشدا ئەو خۆی بە بەشێک لەو شەڕە و لە ڕێگا بە هەڵە چووەدا نە ئەزانی. دیارە زیندە یاد کاکە فەلەک کوردایەتی بۆی لەسەرەوەی پارتایەتی بووە و هەر لەبەر ئەوە دۆستی هەموو لایەک بوو و هەموو لایەک رێزیان دەگرت.
فەلەکه‌دین کاکەیی بەو پێیەی وەزیری رۆشنبیری بوو لە رۆژنامە نووسانەوە نزیکتر بوو تاکو بەرپرسانی تر، ئێمە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا چ خۆم وە یاخود هاوکارانم هەر کات پەیوه‌ندیمان پێـوەی کردووە چ لەو کاتانەی وەزیر بوو وە یاخود لەم دواییانەدا هەمیشە بە دڵ فراوانیەوە ئامادە بووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان.
دوواترین هەڤپەیڤینم لەگەڵ زیندە یاد لە کۆتایی ساڵی رابردوو بوو لەو کاتەی ئیسلامیە توندڕەوەکانی کوردستان هەڕەشەیان لە ژیانی دا بە هۆی نووسینەکانی لە بارەی ئاینی یارسان.
بە ماڵئاوایی کردنی فەلەکه‌دین کاکەیی ئەستیرەیەکی تر لە ئاسمانی وێژەی کوردیدا ئاوا بوو و بە ئاسانی جێگای پر ناکرێتەوە.
یادی هەر شاد و زیندوو بێت
دوواترین وتووێژم لەگەڵ زیندە یاد فەلەکه‌دین کاکەیی له‌م لینکه‌دایه‌
XS
SM
MD
LG