Accessibility links

هێزه‌کانی ڕژێمی سوریا دوو گوندی ژێر ده‌ستی سه‌رهه‌ڵـداوان ده‌گرنه‌وه‌


هێزه‌کانی ڕژێمی سوریا به‌ پاڵپـشـتی چه‌کدارانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ ئه‌مڕۆ هه‌ینیش به‌رده‌وامبوون له‌ هێرشه‌کانیان بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ژێر ده‌سـتی سه‌رهه‌ڵـداواندان و توانیویانه‌ دوو گوندی بچوکی نزیـک شـارۆچکه‌ی قوسه‌یر بگرنه‌وه‌.
له‌ ئێسـتادا وه‌ها پـێده‌چێت هێزه‌کانی حکومه‌ت هه‌وڵ بده‌ن به‌ره‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی حومس و حه‌له‌ب پـێشـڕه‌وی بکه‌ن، ئه‌مه‌ش دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ شـارۆچکه‌ی قوسه‌یریان گرته‌وه‌.
چالاکوانان و ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی سـانای ده‌وڵه‌تی سوریا ده‌ڵێن هێزه‌کانی حکومه‌ت ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووی به‌رگریـیه‌کی که‌م بوونه‌ته‌وه‌ له‌و ده‌مه‌ی هه‌ردوو گوندی سـاڵحیه‌ و مه‌سـعودیـیه‌یان گرتووه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌ گوندیـیه‌کانی پارێزگای حومسدا.
ده‌شڵێن هێزه‌کانی ئه‌سه‌د و حزبوڵڵا وا له‌ گوندی ئه‌لبوه‌یزه‌ (البويضة) نزیک ده‌بنه‌وه‌، ئه‌و گونده‌ی سه‌رهه‌ڵداوان له‌ قوسه‌یره‌وه‌ بۆی کشـاونه‌ته‌وه‌ و له‌وێ خۆیان ڕێـکخستووه‌ته‌وه‌.
زیانه‌ گیانیـیه‌کانی ئاکامی شه‌ڕ و پـێـکدادانه‌کانی ئه‌مڕۆ هێشتا نه‌زانراوه‌، به‌ڵام شه‌ڕی سێ هه‌فته‌ی ڕابردوو بوونه‌ته‌ مایه‌ی کوژارن و برینداربوونی به‌ ده‌یان سه‌رهه‌ڵـداو و سه‌رباز و چه‌کداری حزبوڵڵا.
XS
SM
MD
LG