Accessibility links

کرستیانه‌کانی پاکسـتان خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی سـازده‌که‌ن


کرستیانه‌کانی پاکسـتان ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ ژماره‌یه‌ک شـاری سه‌ره‌کی وڵاته‌که‌یاندا خۆپـیشـاندانییان سـازکرد بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر سووتاندنی زیاتر له‌ 100 ماڵی کرستیان به‌ بیانوی کفرکردنی که‌سێـک.
خۆپـیشـانده‌ران له‌ ئیسلام ئابادی پایته‌خت و شـاری لاهوری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ گردبوونه‌وه‌ و داوایان له‌ حکومه‌ت کرد قه‌ربووی زیان لێـکه‌وتووان بکاته‌وه‌ و هه‌روه‌ها زیاتر که‌مایه‌تیـیه‌ ئاینیـیه‌کان بـپارێزێت.
دوێنێ شه‌ممه‌ به‌ هه‌زاران موسڵمان په‌لاماری ناوچه‌یه‌کی کرستیانی شـاری لاهوریان دا پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی گوایه‌ کرستیانێـک له‌ لای هاوڕێـیه‌کی موسڵمانی سووکایه‌تی به‌ پـێغه‌مبه‌ری ئیسلام کردووه‌‌. به‌ سه‌دان خێزانی کرستیان له‌تاو پاراستنی گیانی خۆیان ناوچه‌که‌یان جێهێشت.
هێزه‌کانی پـۆلیسیش لای خۆیانه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆری خه‌ڵـکیان به‌ تاوانی سـووتاندنی ماڵه‌کان ده‌سـتگیرکرد. هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سه‌ی ده‌ڵێن کفره‌که‌ی کردووه‌ ئه‌ویش ده‌سـتگیرکراوه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ پاکسـتان یه‌کێـکه‌ له‌و وڵاتانه‌ی سـزای زۆر توندی له‌ به‌رامبه‌ر کفرکردندا هه‌یه‌. هه‌ر که‌سێـک به‌سه‌ریدا سـاغ بـبێته‌وه‌ سووکایه‌تی به‌ ئیسلام یان به‌ پـێـغه‌مبه‌ر موسڵمانان کردووه‌، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی سـزای مه‌رگ ده‌بێته‌وه‌.
XS
SM
MD
LG