لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێن هه‌روادێ و له سوریادا خه‌ڵکی سیڤیل ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی هه‌م هێزه سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌تی سوریا و هه‌میش هێزه‌کانی سه‌رهه‌ڵداوان. کۆمیسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆی لێکۆڵینه‌وه کردن له‌سه‌ر دۆسێی سوریا به‌ره‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆی خستۆته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی مافه‌کانی مرۆڤ (که سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه) و هه‌ردوو لا له سوریادا به شیانه‌کانی تاوانی شه‌ڕ گوناهبار ده‌کات.
له‌م دواترین ڕاپۆرته‌ی کۆمیسیۆندا، پێشێلکاریکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له سوریادا په‌ره‌ی سه‌ندوه و ده‌شڵێت سه‌خته بتوانرێت لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
پاولۆ پـێنێرۆ، سه‌رۆکی کۆمیسیۆنه‌که ده‌ڵێت خه‌ڵکی سیڤیڵ، که زۆربه‌یان منداڵن ڕووبه‌ڕووی توندوتیژیه‌کی زۆر ده‌بنه‌وه و زیادبوونێکی به‌رچاو هه‌یه له‌و هێرشانه‌ی ده‌کرێنه سه‌ر خه‌ڵکی سیڤیڵ و ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رامۆش کردنی یاسا و ڕێساکانی قه‌یرانی چه‌کدارییه له هه‌ردوو لای حکومه‌ت و سه‌رهه‌ڵداوانه‌وه.
پێنێرۆ ڕه‌خنه‌ی له‌و ڕه‌تکردنه‌وه‌یه‌ی حکومه‌تی سوریا گرت که ڕێگه‌ی نه‌داوه ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمیسیۆنه سه‌ربه‌خۆیه بچنه سوریاوه و وه‌ک ده‌ڵێت به مه‌به‌ستی ته‌گه‌ره خستنه به‌رده‌می لێکۆڵینه‌وه‌کانه.
وێڕای ئه‌مه‌ش وه‌ک پاولۆ پـێنێرۆ ده‌ڵێت کۆمیسیۆنه‌که‌ی بۆی ده‌رکه‌وتووه هێزه سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌تی سوریا له‌گه‌ڵ میلیشیاکانی شه‌بیحه‌دا به‌رپرسن له کوژرانی ده‌یان ژن و منداڵ هاوکاتی کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی نزیک له شاری حومس کران.
پاولۆ پـێنێرۆ ده‌ڵێت کۆمیسیۆنه‌که‌ی به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌کی دۆزیوه‌ته‌وه له‌ده‌می ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌یدا که هێزه‌کانی حکومه‌تی سوریا و میلیشیاکانی شه‌بیحه تاوانی شه‌ڕیان ئه‌نجام داوه و پێشێلکاریه‌کی ئێجگار خراپی مافه‌کانی مرۆڤیان کردووه و هه‌روه‌هاش تاوانی نێونه‌ته‌وه‌ییان ئه‌نجام داوه و سه‌باره‌ت به پێشێلکاریه‌کانی ده‌سته و تاقمه چه‌کداره‌کانیش به‌ڵگه‌ی تۆکمه هه‌ن که گه‌یاندوینیه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی تاوانه‌کانی شه‌ڕ، له‌وانه کوشتن، ئیعدامکردن به‌بێ فرمانی دادگا ، ئه‌شکه‌نجه‌دان، له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سته و تاقمانه‌ش کراون.
فه‌یسه‌ڵ خه‌باز، نوێنه‌ری حکومه‌تی سوریا له ژنێف ئه‌و گوناهبارکردنه‌ی ڕه‌تکرده‌وه و بۆ مه‌به‌ستی سیاسیانه‌ی برده‌وه.
خه‌باز که له‌ڕێی وه‌رگێڕه‌وه ده‌دوا لۆمه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و وه‌ک ده‌ڵێت ده‌سته‌ودایره‌کانی ئه‌مریکای کرد له ناوچه‌که‌دا بۆ به‌رده‌وامی قه‌یرانی سوریا.
ده‌ڵێت به‌رده‌وامیدان به دابینکردنی دارایی و پڕچه‌ک کردنی ده‌سته و تاقمه چه‌کداره‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری چه‌واشه‌کاری له میدیادا و هه‌روه‌هاش ناردنی زیاتر و زیاتری جیهادیه‌کان له ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن و لیبیا و وڵاتانی تره‌وه، هیچیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابنه یارمه‌تی بۆ لایه‌نه‌کان.
خه‌باز جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی سوریا ڕژده له‌سه‌ر وابه‌سته‌یی خۆی بۆ پاراستنی ژیانی گه‌لی سوریا و هه‌روه‌هاش دابینکردنی ئاسایش بۆی.
نوێنه‌ری سوریا له ژنێف سه‌رهه‌ڵداوانی سوریای به تێرۆریست ناودێرکرد.
به‌ڵام پاولۆ پـێنێرۆ ده‌ڵێت ئه‌و تاوان و پێشێلکاریانه‌ی سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا کردویانه هه‌رگیز ناگاته ئه‌و زۆری و ئه‌و ئاسته‌ش که هێزه سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌ت و شه‌بیحه کردویانه و ده‌یکه‌ن.
ده‌مڕاستێکی ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ له سوریا که ئۆپزسیۆنه به ده‌نگی ئه‌مریکای گوتووه ڕاپۆرته‌که‌ی کۆمیسیۆنی خوێندۆته‌وه به‌ڵام ناتوانێت هیچ تێبینیه‌کی له‌سه‌ر بدات.
له ڕاپۆرتێکی تریشدا که هه‌ر ڕۆژی 2شه‌ممه بڵاوکراوه‌ته‌وه ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا تاوانه‌کانی شه‌ڕیان ئه‌نجامداوه.
ئه‌م ڕێکخراوه داوای له‌و وڵاتانه‌ش کردووه که یارمه‌تی سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا ده‌ده‌ن تا فشار بخه‌نه سه‌ریان بۆ ڕێزگرتن له یاسا مرۆڤایه‌تیه‌کان.
پاولۆ پـێنێرۆ ، پشتیوانی له ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی سوریا ده‌کات و ده‌ڵێت لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان سه‌لماندنیان له‌به‌رده‌ستدایه که سه‌رهه‌ڵداوان له‌لایه‌ن توندڕه‌وانی ئیسلامیه‌وه کۆمه‌ک کراون.
سه‌رهه‌ڵداوان ئه‌و گوناهبارکردنه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه.
پاولۆ پـێنێرۆ ده‌ڵێت کۆمیسیۆنه‌که‌ی ئاگاهی داوه و زیادبوونی خه‌ڵکی بیانی له‌وانه جیهادیه‌کان له سوریادا پشتڕاست ده‌کاته‌وه. هه‌ندێکیان داویانه‌ته پاڵ هێزه‌کانی دژه حکومه‌ت و هه‌ندێکیشیان ڕێکخراوی خۆیان پێکهێناوه و سه‌ربه‌خۆیانه کارده‌که‌ن و ده‌شڵێت بوونی ئه‌و بیانیانه یانی ئاڕاسته‌کردنی جه‌نگاوه‌ره‌کان بۆ هه‌ڵوێستی زیاتری ڕادیکاڵیانه.
سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆی لێکۆڵینه‌وه کردن له‌سه‌ر دۆسێی سوریا ده‌ڵێت به‌ڵگه‌یه‌کی زۆر کۆکراونه‌ته‌وه و هه‌موویان هه‌ڵده‌گیرێن بۆ کاتی ئه‌گه‌ری دادگایی‌کردنی داهاتوو، وه ده‌شڵێت لیکۆڵه‌ره‌وه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان لیستی ناویان ئاماده‌کردووه که بڕوا وایه به‌رپرس بن له تاوانه‌کانی شه‌ڕ.
ده‌قی ڕاپۆرته‌که: