Accessibility links

خۆپـیشاندەران بەڕێوبەری تەندروستی پارێزگایەکی عێراق ناچاردەکەن دەست لەکاربکێشێتەوە


ژمارەیەک خۆپـیشاندەر بەڕێوەبەری تەندروستی زی قاری باشوری عێراق ناچاردەکەن کاغەزێک واژوبکات کە تیایدا داوای دەست لەکارکێشانەوەی خۆی بکات لە پـۆستەکەی.

بەپـێی میدیا خۆجێـیەکان سەرەتا خۆپـیشاندەران لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای زی قار کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر خراپی خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکانی پارێزگاکەیان، پاشان چوونەتە نێو بەڕێوبەرایەتیـیەکە و دکتۆر عەبدولحسێن ئەلجابری بەڕێوبەری تەندروستیان ناچارکردووە لە بەردەمی کامێرای مۆبایلەکانیان واژی دەست لەکارکێشانەوەکەی بکات.

ڤیدیۆی ساتی ڕووداوەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکراوەتەوە. یەکێک لە خۆپـیشاندەرەکان دەڵێت"دەمانەوێت دەست لەکارکێشانەوەیەکی ڕاستەقینە بێت نەک تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزبێت وەکو دەست لەکارکێشانەوە ناڕاستەکانی پارێزگار کە ڕۆژانە ڕایدەگەیەنێت."

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا سەرزەنشتی ڕووداوەکەی کرد و بە دەستدرێژیەکی ئاشکرا بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی زی قار و بەڕێوەبەرەکەی ناودێری کرد، بەڵام گوتیشی دەرگای سکاڵای یاسایی لە دژی هەر دەزگایەک و بەرپـرسێک کراوەیە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە نەکرد ئایە کار لەسەر داوای دەست لەکارکێشانەوەکە دەکات یان نا.

لە لایەکی دیکە حەسەن کەریم ئەلکەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕووداوەکەی بە کارەسات ناودێرکرد و لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیر و سەرۆکی پـۆلیسی زی قار کرد ئەو خۆپـشاندەرانە دەستگیربکەن کە بەڕێوەبەری تەندروستی زی قاریان ناچارکردووە دەست لەکاربکێشێتەوە.

لە ڕۆژی سێشەممەوە هەتا ئەمڕۆ خۆپـیشاندانی ناڕەزایی چەند ناوچەیەکی پارێزگای زی قاری گرتووەتەوە. خۆپـیشاندەران داوا دەکەن کاربەدەستانی پارێزگاکەیان دەست لەکاربکێشنەوە وە ئەو کەسانەش سزابدرێن کە خۆپـیشاندەرانیان کوشتووە.

XS
SM
MD
LG