Accessibility links

ئەڵمانیا لە دادگاییەکی مێژووییدا ئەفسەرێکی پێشووی سوریا بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا دەدات


دادگایەکی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزای زیندانی هەتا هەتایی سەپاند بەسەر ئەفسەرێکی دەزگای موخابەراتیپێشووی سوریادا. ئەمەش یەکەم دادگایی جیهانی بوو لەسەر ئەشکەنجەکانی کە بە پشتیوانی حکومەتی سوریا ئەنجام دراون بکرێت.

ئەنوەر ڕەسلانی تەمەن 58 ساڵ تاوانبار کرا بە چاودێریکردنی کوشتنی 27 کەس لە گرتووخانەی ئەلخەتیب لە دیمەشق کە بە "لقی 251" یش ناسراوە، لە ساڵی 2011 و 2012دا.

ئەو پاش ئەوەی لە ساڵی 2012 سوریای بەجێهێشت پەنای بۆ ئەڵمانیا برد.

داواکارانی گشتی تۆمەتباریان کرد بەوەی چاودێری کوشتنی 58 کەس و ئەشکەنجەدانی 4 هەزار کەسی تر لە گرتووخانەکە، بەڵام هەموو کوشتنەکان نەسەلمێندران.

سەرۆکی دادگاییەکە ئانی کێبەر گوتی ڕژێمی سوریا پەنای بۆ "توندوتیژی" و "بەکارهێنانی زەبری چەک" برد بۆ سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە مانگی سێی 2011دا سەریانهەڵدا.

ئەو وتیشی ئەو قوربانیانەی لە بنکەکانی دەستبەسەرکردنی ڕژێمدا گیرابوون تەنها "ئەشکەنجە نەدراون بەڵکو برسی کراون ولە هەواش بێبەشکراون" لە نێوەندە ناتەندروست و قەرەباڵغەکانی کە نەیانتوانی لێی دانیشن و ڕاکشێن.

کێنێت ڕوت لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، کە هەندێک لە بەڵگەکانی بۆ دادگاییەکە دابین کردبوو، لە ژنێڤ بە پەیامنێرانی گوت بڕیارەکە " بڕیارێکی مێژووی بوو."

زیاتر لە 80 گەواهیدەر لە ناویاندا 12 جودابیری ڕژێم ژمارەیەکی زۆری ژن و پیاوی سوریایی کە لە سەرانسەری ئەوروپا دەژین، هەڵوێستیان وەرگرت و لەو دادگاییەدا گەواهیان دا و نزیکەی 12 کەس لەوانەش لە دادگاییەکە ئامادە بوون.

چالاکوانانی سوریایی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەردەم دادگا کۆبونەوە و دروشمی " ئەوان لە کوێن؟" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسوکارانەیان کە لە نێوەندەکانی گروتوخانەی سوریادا دیار نەماون.

دادگایی کردنی ڕاسلان و کەسێکی تری پلە نزمتر بەناوی ئەیاد ئەلغەریب، کە تاوانبارکراوە بە هاوکاری کردنی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و ناردنیان بۆ نێوەندەکان، لە مانگی 4 ی ساڵی 2020 دەستیپێکرد.

غەریب سزای چوار ساڵ و نیو زیندانی درا بۆ بەشداریکردنی لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.











XS
SM
MD
LG