Accessibility links

کانی محەمەدی: زارا بە هۆی چالاکییەکانی هەمیشە جێگای ڕێز و شانازی بووە


زارا محەمەدی، ماموستای زمانی کوردی، نیگارکێش : لوقمان ئەحمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، شەمە ٨ی مانگی ١ی ٢٠٢٢ی زاینی
زارا محەمەدی، ماموستای زمانی کوردی، نیگارکێش : لوقمان ئەحمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، شەمە ٨ی مانگی ١ی ٢٠٢٢ی زاینی

لە ئاڵقەی دوویەمی ڕووداوە گرنگەکانی کوردستانی ئێران، بەرنامەی ڕوانگە تیشکی خستە سەر سزای بەندکردنی پێنج سال بەندی بۆ سەر زارا محەمەدی ماموستای زمانی کوردی.

میوانەکانی بەرنامە:

کانی محەمەدی، خۆشکی زارا محەمەدی

ئاریز داراپور، چالاکی سیاسی

خالید محەمەزادە، رۆژنامەوان

لە ١٣ی مانگی ١٢ی ٢٠١٩ زاینی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینترنەشناڵ، لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی، لە داواکارییەکی تەنگەتاوییدا کە بۆ دادوەری گشتیی سنەی نارد و نێردراوی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی لێ ئاگادار کردەوە، تێیدا هاتبوو، " زارا موحەمەدی تەمەن ٢٩ ساڵانە لە ٢٣ی مانگی مای ئەو ساڵەوە بە شێوەی هەرەمەکی دەستبەسەر و لە بەندیخانەدایە.

زارا لە پەیوەندی کاری مەدەنی بۆ بە توانا کردنی کەمینەی کورد لە ئێران لە رێگای چالاکییەکانی ئاشتیخوازنەوە و لە ناویاندا گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی تۆمەتی هەرەشەی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خراوەتە سەر و هەروەها هاوکاری لە گەڵ گرووپە ئوپوزیسیونەکانی کورد کردووە."

زارا محەمەدی، لە ئەنجومەنی ئەدەبی و کولتوری نۆژین
زارا محەمەدی، لە ئەنجومەنی ئەدەبی و کولتوری نۆژین

لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی لە داواکارییەکەی دا ئاماژە دەکات کە "زارا لە ٢٣ی مانگی پێنجی ئەو ساڵ لە لایەن لیباس شەخسیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی تاکەکەسی بردرا؛ بە تایبەت لە ٦ی مانگی حەوت تا ١٦ مانگی نۆ نەیانهێشت زارا هیچ پەیوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەی هەبێت و رۆژانە بۆ ماوەی ٤ کاتژمێران بەردەوام لێپرسینەوەیان لێدەکرد.

ئەو ڕێکخراو ئاگاییدا کە لە ماوەی بەندکردنی زارا دا ئیتلاعات لە هەوڵدا بووە بە زۆر دان بە زارا دا بهێنیت کە هاوکاری پارتەکانی ئوپوزسیونی کوردی کردووە و لە ماوەی ٤ مانگدا تەنیا جارێک زارایان هیشتووە چاوی بە پاریزەرەکەی بکەوێت، لە دەمێکدا ڕەوشی تەندروستی ئەو گەلێک ناجوور بووە.

سەرئەنجام شەمە ٨ی مانگی ١ی ٢٠٢٢ی زاینی دادگای سنە بریاری پینج ساڵ زیندانی بە سەر زارا دا سەپاند.

شەمە زارا، بەرپرسی ئەنجومەنی نوژین پێش ئەوەی بچێتە نیو بەندیخانە لە دەمێکدا کۆمەڵێک لە خەڵک دەوریان دا بوو بە ئاپۆرای خەڵگی گوت کە بوونی لە نێو بەندیخانەدا ئەو بێ هیوا ناکات هەروەک پێشتریش بە ئەزموون بۆی دەرکەوتووە.

کانی محەمەدی، خوشکی زارا دەڵێت، "سزای پێنج ساڵ زیندان بۆ سەر زارا هیچ پەیوەندییەکی بە هیچکام لە چالاکییەکانی زاراوە نیە. زارا بۆ ماوەی ١٢ ساڵ خۆبەخشانە خزمەتی زمان و شوناسی نەتەوەیی کردووە و لە ئەو چوارچێوەیە نەچۆتە دەر." دەشڵێت وەک بنەماڵە دژ بە ئەو حوکمەی کۆماری ئیسلامین.

کانی محەمەدی، خوشکی ماموستای بەندکراو زارا محەمەدی
کانی محەمەدی، خوشکی ماموستای بەندکراو زارا محەمەدی

ئەو سەبارەت بە کەسایەتی زارا دەڵێت، "هەر لە ئەو کاتەدا لە نێو بنەماڵەدا خۆشەویست بووە، بە هۆی چالاکییەکانی هەمیشە جێگای ڕێز و شانازی بووە و پلەیەکی بەرزی لە ناو بنەماڵەی ئێمەدا هەیە."

داراپوور، چالاکی سیاسی پێی وانیە کە کۆت و بەند ورەی چالاکانی وەک زارا کز بکات. ئەو جەخت دەکات، ئەگەر لە کۆماری ئیسلامیدا " زیندان و ئەشکەنجە و تێرۆر و تاوان لە ئەو ٤٣ ساڵە دا توانیبێتی نەتەوەی کورد بخنکێنێ و بێدەنگیان بکات، بە گرتنی زارا و زاراکانی دیکەش دەتوانێ نەتەوەی کورد بخنکێنێت" کە ئەو پێێ وایە رژیم توانای ئەو کارەی نیە.

ئارێز داراپوور، چالاکی سیاسی
ئارێز داراپوور، چالاکی سیاسی

ئەو ئاماژە دەکات کە کۆماری ئیسلامی هەموو ڕێگاکانی تاقیکردۆتەوە و "ئەمە یەکەم جار نیە و ئاخرین جاریش نیە کە ڕۆڵەیەکی خۆشەویستی کورد وەکوو زارا بە بێ هیچ تاوانێک دەبێ بچێتە نێو زیندان".

ڕۆژنامەنووس محەمەد زادە شیدەکاتەوە کە ژنان و کچانی کوردستان نەخشێکی گەورەیان لە چالاکییەکانی نێو کۆمەڵدا هەیە و " لە پەراوێزی کۆمەڵگادا نین؛ لە لوتکەی کۆمەڵگادان بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییە نەتەوەییەکان."

ئەو هەروەها باوەڕی وایە کە "ئەزموونی زارا بە هەموومانی گوت کە ئاوێنەیەک لە ئازایەتی، لە بوێری لە هیوا و هومێدە" و جەخت دەکات کە لە "کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانین باس لە ماف و ئازادییەکان بکەین بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی کچان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی."

خالید محەمەد زادە، ڕۆژنامەنووس
خالید محەمەد زادە، ڕۆژنامەنووس

لە بەرنامەیەکی سەر تێلگرام کە زیاتر لە ٤٥ خولەکی خایاند و زارا و پارێزەرەکەی تێدا بەشدار بوون، پارێزەرەکەی بە ئاماژە بە ئەو تۆمەتەی خراوەتە سەر زارا کە گویا گرووپی لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران پێک هێناوە جەختی کرد کە زارا بێ تاوانە و هیچ بەڵگەیەکی لە سەر نیە.

ئەو پاریزەرە بە ڕوونی رایگەیاند کە تەنانەت هەر کەس بەڵگەیەک لە ئەم بارەیەوە بخاتە روو 'ئامادەیە لە جیاتی زارا بچێتە زیندان".

شەمەی ڕابردوو لە بەر دەم بەندیخانەی سنە زارا گوتی پاراستنی زمانی کوردی یەکێک لە ئامانجەکانی پێک هێنانی ئەنجومەنی نۆژین بووە و هەرواش دەمێنێتەوە و بەندیخانە هاوکاران و ڕیبازەکەی لە بیرنابەتەوە و دواین وتەی ئەوە بوو کە "قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە."

لە هەمان کاتدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بەڵێنییان دا کە ڕێگای زارا و چالاکییەکانیان هەر درێژە پێدەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:26 0:00


XS
SM
MD
LG