Accessibility links

کۆشکی سپی: کۆمەڵەی حەوت سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکات بۆ سەر ئیسرائیل


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا ڕێکخست، ئەوەش بە مەبەستی هەماهەنگیکردن بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە بێپێشینە سەرنەکەوتووەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

ئەمەریکا یارمەتی ئیسڕائیلیدا لە خستنە خوارەوەی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکدا کە لەلایەن تارانەوە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کران. بەرپرسانی ئیسڕائیلیش دەڵێن بەرپەرچی لە سەدا 99 ی موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانییان داوەتەوە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گەورەی لێنەکەوتووەتەوە.

بایدن درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وتی " لەسەر فەرمانی من، لە پێناو پشتیوانیکردن لە بەرگری ئیسڕائیل، سوپای ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا فڕۆکە و کەشتییە تێکشکێنەرەکانی موشەکی باڵیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە. بەهۆی ئەمە و توانا سەرسوڕهێنەرەکانی سەربازەکانمانەوە، یارمەتی ئیسڕائیلماندا لە خستنە خوارەوەی نزیکەی سەرجەم فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکان."

بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی بە نەتانیاهوی وتووە " ئیسڕائیل توانایەکی سەرسوڕهێنەری پیشاندا بۆ بەرگریکردن و تەنانەت شکستهێنان بە هێرشە بێپێشینەکانیش، پەیامێکی ڕوونی نارد بۆ دوژمنەکانی لەسەر ئەوەی ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسڕائیل بکەن."

بایدن وتی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت مەبەست لێی " هەماهەنگیکردنە بۆ وەڵامێکی دیپلۆماتی یەکگرتوو بۆ هێرشەکەی ئێران."

لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکەن دژی ئیسڕائیل و جەختییان لە پابەندبوونی خۆیان کردووەتەوە بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG