Accessibility links

وڵاتانی عەرەبی هۆشداری فراوانبوونی ئاڵۆزیی ناوچەیی دەدەن دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل


وڵاتانی عەرەب دەستبەجێ کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نیشاندا. لە کاتێکدا ئوردن دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی تێکشکاند، وڵاتانی کەنداو داوای ڕێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە دەکەن و حوسییەکانیش پشتگیرییان بۆ ئێران دووپاتکردەوە.

کاردانەوە سەرەکییەکان لە جیهانی عەرەبی بەمشێوەیە بوون:

شانشینی ئوردون

سەرەک وەزیرانی ئوردن، بەشیر خەساونە، ڕۆژی یەکشەممە داوایکرد پەرەسەندنی گرژییەکان لەنێوان هەردوولا کەمبکرێنەوە بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی جەنگ و ڕایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە لە لایەن هەر لایەنێکەوە بێت بۆ تێکدانی ئاسایشی شانشینی ئوردن."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر لە سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی ئوردنەوە ڕایگەیاند هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاسمانی باکور و ناوەڕاستی ئوردنیان بەزاندبوو و بە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەفڕین.

بە گوێرەی ئاژانسی دۆچێ وێلێ، حکومەتی ئوردن هەروەها ئاسمانی وڵاتەکەی واڵاکردووە بۆ فرۆکەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ تێکشکاندنی هێرشەکەی ئێران.

وڵاتی میسر

وڵاتی میسر پێشتر بەردەوام هۆشداری داوە لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گروپی حەماس "بەوپەڕی نیگەرانییەوە" پێشهاتەکەی دوێنێ هەڵدەسەنگێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەندراوێکیدا "نیگەرانی قووڵی" خۆی لە پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادان و هێرشەکان دەربڕی و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسڕ لە بەیاننامەکەیدا هۆشداریداوە لەسەر مەترسی فراوانبوونی ململانێ ناوچەییەکان و دەڵێت میسر "لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدا دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بۆ هەوڵدان و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە."

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی میسڕ هەوڵەکانی خۆی چڕکردەوە بۆ بانگهێشتکردنی نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس بۆ وڵاتەکەی بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

وڵاتانی کەنداوی عەرەبی

دەستبەجێ دوای هێرشە فراوانەکەی ئێران، وڵاتانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات داوای وەستاندنی گرژییەکانیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆی لە "هەڵکشانی سەربازی" ناوچەکە دەربڕی و داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنی" بۆ پاراستنی گەلانی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ."

حکومەتی سعودیە کە دەیان ساڵە ناکۆکی توندی لەگەڵ ئێران هەیە، دوای هێرشەکە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد "بەرپرسیارێتی خۆی" بەرامبەر بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەستۆ بگرێت.

هاوکات، قەتەر و ئیماراتیش بە هەمانشێوە هۆشدارییان دا لە ئاڵۆزبوونی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە و داوایانکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەنا ببرێتە بەر ڕێگای دیپلۆماسی.

حوسییەکانی یەمەن

بەڵام چەکدارە حوسییەکان کە لە یەمەن باڵادەستن و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕۆژی یەکشەممە هێرشەکەی ئێرانیان بە "بێ وێنە" و "کردەوەیەکی ڕەوا" لەقەڵەمدا وتیان ئێران لە بەرامبەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا مافی تۆڵەکردنەوەی هەیە.

محەمەد عەبدولسەلام وتەبێژی حوسییەکان لە نووسینێکیدا لە ئاپی تێلێگرام ڕایگەیاندووە، "ئیسرائیل ناتوانێت بەبێ سزا لە تاوانەکانی ڕزگاری بێت."

ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس دوێنێ ڕایگەیاند چەکردارە حوسییەکان لەگەل حکومەتی ئێران بەشداربوون لە هێرشەکە و چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەڵداوە.

XS
SM
MD
LG