Accessibility links

ئەمەریکا ستایشی ' دەستکەوتە سەربازییە سەرسوڕهێنەرەکە ' دەکات دژی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل


وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی دەڵێت بەرپەرچدانەوەی " زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی ئێرانی دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەری سەربازیی " ئیسڕائیل و ئەمەریکا و هاوبەشەکانی دیکە بوو.

کێربی بە کەناڵی سی ئێن ئێن و ئێن بی سی وت " دەیان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان " کە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرابوون لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە خرانە خوارەوە.

درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکان لە ناوچەکانی ئێران و عێراق و سوریا و یەمەنەوە هەڵدراون.

ئۆستن وتی " داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ هێرشی دیکە ڕابگرێت، بەو هێرشانەشەوە کە هێزە لایەنگرەکانی ئەنجامی دەدەن و گرژییەکان کەم بکاتەوە. هەوڵی ململانێ نادەین لەگەڵ ئێراندا، بەڵام دوودڵ نابین لە پاراستنی هێزەکانمان و پشتیوانیمان بۆ بەرگری ئیسڕائیل."

دواتر ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەپەلە کۆبوونەوەیەکی لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا ڕێکخست، ئەوەش لە پێناو " هەماهەنگیکردن بۆ وەڵامێکی یەکگرتووی دیبلۆماسی بۆ هێرشەکەی ئێران."

بایدن پێش کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە ڕۆژئاوا هەوڵی فراوانکردنی ململانێ شەش مانگییەکە نادات کە گڕی بەرداوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بایدن وتی " تیمەکەم لەگەڵ هاوتاکانییاندا لە ناوچەکەدا گفتوگۆ دەکەن. ئێمەش لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ ڕابەرانی ئیسڕائیلدا. لە کاتێکیشدا کە ئەمڕۆ هێرشمان نەبینیوە بۆ سەر هێزەکانمان یاخود دامەزراوەکانمان، هێشتا بە وریاییەوە دەمێنینەوە بۆ سەرجەم هەڕەشەکان و دوودڵ نابین لە گرتنەبەری هەر کارێکی پێویست بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان."

سوپای ئەمەریکا هێز و کەلوپەلی سەربازیی دیکەی ڕەوانەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، بەرپرسانی بەرگریش ڕۆژی هەینی ئەوەیان پشتڕاست کردەوە. لە ئێستادا ئەمەریکا نزیکەی 40,000 سەربازیی لە ناوچەکەدا هەیە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە هێزی دەریایی ئەمەریکا دوو کەشتی تێکشکێنەری موشەکیی لە نزیک ئیسڕائیل جێگیر کردووە، کە لە توانایاندا هەیە بەرپەرچی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بدەنەوە.

پێشتریش هێزی دەریایی ئەمەریکا لە دەریای سوور بەرپەرچی ئەو موشەکە مەودا دوورانەیان داوەتەوە کە لە یەمەنەوە و لەلایەن حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراون.

XS
SM
MD
LG