Accessibility links

لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل تەنها منداڵێکی 7 ساڵان برینداربووە کە هاووڵاتییەکی عەرەبی بەدەوییە


بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئیسرائیل، کچێکی 7 ساڵان کە هاووڵاتییەکی عەرەبی بەدەوییە بەهۆی هێرشە موشەکی و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بریندار بووە و لەبەر سەختی برینەکەی لەژێر چاودێری وردی پزیشکەکاندا ماوەتەوە.

کچەکە ناوی ئامینە ئەلحەسونییە و خەڵکی شارۆچکەیەکی بەدەوییە لە نزیک شاری ئاراد لە باشووری ئیسرائیل. سەرچاوە هەواڵییەکانی ئیسرائیل دەڵێن لە هێرشەکەی شەوی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، پارچەیەکی پاشماوەی موشەکێکی تێکشکاوی بالیستیکی بەر سەری ئامینە ئەلحەسونی کەوتووە.

بەپێی ناوەندی پزیشکی سۆرۆکای ئیسرائیل، ئامینە بەهۆی سەختی برینەکەی سەریەوە نەشتەرگەری بۆ کراوە و تا ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە.

محەمەد ئەلحەسونی، باوکی کچەکە دەڵێت، خێزانەکە گوێیان لە زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی بووە، ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی پارچە موشەکە بکەوێتە خوارەوە؛ لەبەرئەوەی ماڵەکە پەناگەی تێدا نەبووە و کچەکەش لە ژووری نووستنەکەیدا خەوتبوو بریندار بووە.

جیهاد، برای کچەکە، بە ئاژانسی هارێتزی ئیسرائیلی وتووە، "لە دەوروبەری کاتژمێر یەک و 55 خولەکی بەیانی پارچە مووشەکەکە کەوتە سەر بنمیچی ماڵەکەمان. دە دەنگی ئەو ئاگادارکەرەوەیەی پێش کەوتنە خوارەوەی موشەکەکە زۆر کزبووە، چونکە پشت بە ئاگادارکەرەوەی شاری ئاراد دەبەستین. بە دەنگی تەقینەوە لە خەو هەڵساین بە پەلە وەک خەڵکی گوندەکە لەم جۆرە بارودۆخانەدا ڕادەکەنە دەرەوەی ماڵەکانیان، لەبەرئەوەی هیچ پەناگەیەکمان نیە بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزن لە بۆردومانەکان."

بە گوتەی وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، دانیال هاگاری، هێزی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی %99 ئەو هێرشەی ئێرانی تێکشکاندووە کە لە ڕێگەی 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 30 مووشەکی کروز و 120 مووشەکی بالیستیک ئەنجامدرابوو.

XS
SM
MD
LG