Accessibility links

ئیسرائیل داوا دەکات سزا بخرێتە سەر بەرنامەی مووشەکی ئێران


ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی سوپای ئێران و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی کە هێرشێکی ئاسمانی بێ پێشێنەی کردە سەر دەوڵەتی جوو، داوای سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەکات.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پەیوەندی بە زیاتر لە 30 وڵاتانی جیهانەوە کردووە بۆ هەوڵدان بۆ سزا خستنە سەر بەرنامەی مووشەکی ئێران و بۆ ناساندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی.

ئەمەریکا یەکێکە لەو چەند وڵاتانەی کە پێشتر سوپای پاسدارانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە. لە مانگی دەی ڕابردووەوە ئەمەریکا چەندین خولی سزای سەپاندووە کە بەرنامەی موشەکی بالیستیکی ئێرانی کردووەتە ئامانج لە کاتێکدا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەرچوو.

هەروەها پێدەچێت ئیسرائیل سوربێت لەسەر هەنگاوەکانی تۆڵەسەندنەوە، سەرەڕای داواکاری سەرکردەکانی جیهان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە تاران دەبێت باجێک بدات بۆ هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی کە تیایدا نزیکەی 350 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێرانەوە هەڵدا بەرەو ئیسرائیل.

ژەنەڕاڵ هێرزی هەلێڤی گوتی " هێرشەکەی ئێران " وەڵام دەدرێتەوە."

ناوبراو کە لە بنکەی ئاسمانی نیڤاتیم لە باشووری ئیسرائیلەوە قسەی دەکرد رایگەیاند "ئێران ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی ئەو کارانەی دەبێتەوە".

بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل لەسەر وردەکاری جۆری وەڵامەکە هیچیان نەوتووە، هەرچەندە وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، دانیاڵ هاگاری وتی کە وەڵامەکە لە کاتێکدا دەبێت " کە ئێمە هەڵیدەبژێرین."

ئەو لێدوانە توندەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە تەنانەت، ئەمەریکای هاوپەیمانی سەرەکیشی داوای لە ئیسرائیل کردووە دان بە خۆیدا بگرێت و دەڵێت شکستی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران زیانێکی وای پێگەیاندووە کە خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکی گەورە بووە.

ژەنەڕاڵ پات ڕایدەر، گوتەبێژی پەنتاگۆن ڕایگەیاند " ئەمە زۆر دەگەیەنێت کە ئێران زیاتر لە 300 هێرشی ئاسمانی کردووە و 99%ی ئەو مووشەکانە خراونەتە خوارەوە".

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە لەوەش توندتر بوو.

جۆن کیربی وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئیسرائیل ئەمڕۆ لە پێگەیەکی ستراتیژی زۆر بەهێزتردایە لە چاو چەند ڕۆژێک لەمەوبەر"، ئاماژەی بە هاوکاری وڵاتان کرد کە یارمەتی ئیسرائیلیان داوە.

بەریتانیا، فەرەنسا، ئوردن و سعودیە لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل بەشداربوون بۆ خستنە خوارەوەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.

کیربی گوتی " بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران کە شانازی پێوە دەکات، شتێک کە بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل و ناوچەکە بەکاری هێناوە، سەلماندی کە زۆر کەمتر کاریگەرە."

گوتیشی " لەلایەکی تریشەوە بەرگری ئیسرائیل سەلماندی کە باشترە لەوەی کە دەگوترا."

پنتاگۆن درەنگانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کاتی قسەکردنیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل یۆاڤ گالانت "پشتیوانییەکی چەسپاوی ئەمەریکای بۆ بەرگری ئیسرائیل دووپاتکردەوە ."

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاند، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کە یەکەم هێرشە لە خاکی ئێرانەوە بۆ ناو ئیسرائیل بکرێت، زیاتر لە 110 مووشەکی بالیستی و 30 مووشەکی کروز و زیاتر لە 150 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەخۆگرتووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزە بەکرێگیراوەکانی ئێران لە عێراق، سوریا و یەمەنیش بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.

ئێران کە هێرشەکەی شەممەی بە سەرکەوتوو وەسف کرد، ڕایگەیاند، ئەوە وەڵامێکە بۆ هێرشێکی گومانلێکراوی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە سوریا لە 1ی مانگی چواردا کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران لەنێویاندا دوو فەرماندەی باڵاش.

بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا، ئوردن و عێراق یەکشەممە ڕایانگەیاند، ئێران پێشوەختە هۆشدارییەکانی لەبارەی هێرشەکە بەش کردووە بۆ ئەوەی زیانی بەکۆمەڵ ڕوونەدات و ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری دوژمنکارییەکان بکرێت.

بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ئەو جۆرە ئیدیعایەی ڕەتکردەوە و وتی "هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لە نێوان ئێمە و هیچ لایەنێکی دیکەدا نەبووە."

هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا ئەو هەواڵانەیان بە ناکۆکی دەربڕی کە باس لەوە دەکەن هێرشەکەی تاران هێرشێکی سیمبولی بووە.

کیربی وتی "من بینیومە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئێرانییەکان مەبەستیان شکست بووە، کە ئەم شکستە سەرنجڕاکێش و شەرمەزارکەرە هەمووی بە مەبەست بووە" گوتیشی ئەم جۆرە ئیدیعایانە " بە تەواوەتی هەڵەن."

کیربی وتیشی" بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەم هێرشە، مەبەستی ئێران بە ڕوونی ئەوە بوو کە ببێتە هۆی وێرانکاری و زیانێکی بەرچاو." ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئامانج ئەوە بوو کە زۆرترینیان [مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان] بە بەرگری مووشەکی ئیسرائیلدا دەربازبکات."

سەرەڕای مەبەستی ئێران، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بە بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا بەشداری لە هیچ هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل دژ بە ئێران ناکات.

بەڵام بەرپرسانی جۆراوجۆری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە پشتیوانی واشنتن بۆ ئیسرائیل لە بەرامبەر دەستدرێژی ئێراندا هێشتا " تۆکمەیە" و پشتیوانی سەربازی ئەمەریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە ئەگەر تاران ڕەفتارێکی تری لەو جۆرە بکاتەوە.

هێشتا نیگەرانییەکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی هێرشی ئێران و وەڵامدانەوەی ئەگەری ئیسرائیل ڕەنگە ململانێیەکی فراوانتری ناوچەیی لێبکەوێتەوە.

محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە لە سەردانەکەیدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتۆن وتی "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن".

تەمیم وتیشی "هیوادارین پەرەسەندن و گرژییەکانی ناوچەکە کۆتایی پێبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق نایەوێت ناوچەکە "بخرێتە ناو شەڕێکی فراوانترەوە کە هەڕەشە لە ئاسایش و ئارامی نێودەوڵەتی بکات".

بەرپرسانی ئەوروپاش بە هەمان شێوە داوای وریایییان کردووە.

جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی ئۆندا سیرۆی ئیسپانی گوتی" ئێمە لە لێواری ناکۆکیداین و دەبێت لێی دوور بکەوینەوە."

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، حکومەتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دۆخی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرەو هەڵکشان نەچێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرەنسی BFM-TV و RMC ، ماکرۆن داوای لە ئیسرائیل کرد کە هەوڵی پەراوێزخستنی ئێران بدات نەک پەرەسەندنی نائارامییەکان.

ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ڕۆژی دووشەممە پەیامێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و هۆشداری دا بە ئێران لە دژی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل ، هاوکات داوای لە ئیسرائیل کرد ڕۆڵی خۆی لە هێورکردنەوەی دۆخەکە بگێڕێت.

گروپی حەوت وڵاتی پێشەنگی پیشەسازی، ناسراو بە G-7، دوای ئەنجامدانی دانوستانی ڕۆژی یەکشەممە، "بە بێ دوو دڵی" سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد.

سەرکردەکان لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتیی ئیتالیای سەرۆکایەتی گرووپەکەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕایانگەیاندووە " ئێمە هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئیسرائیل و گەلەکەی دەردەبڕین و پابەندبوونی خۆمان بەرامبەر بە ئاسایشی وڵاتەکەی دووپات دەکەینەوە."

ڕاپۆرتی جێف سێڵدنی دەنگی ئەمەریکا و بەشێک لە زانیارییەکانیشی لە ئاژانسەکانی ڕۆیتەرز و ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG