Accessibility links

هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل کۆتایی بە ' ستراتیژیی ئارامی ' خامنەئی هێنا


هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل تارمایی جەنگی دەیان ساڵەی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تارانی دژی ئیسڕائیل هەڵوەشاندەوە، شتێک کە تاران بەکاریدەهێنا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کارەکانی. بەڵام لە کاتێکدا کە گرژییە سیاسیی و ئابوورییەکان لە ناوخۆی ئێراندا لە ئارادان، دەسەڵاتە شیعەکەی وڵاتەکە ڕێگایەکی نوێی هەڵبژارد لە کاتێکدا کە گۆڕانکاری لە کۆماری ئیسلامیدا نزیک بووەتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی تەمەنی دەبێتە 85 ساڵ، تاوەکو ئێستاش هیچ جێگرەوەیەکی دیار نییە و هێشتا بڕیاردەری سەرجەم ئەو بڕیارانەیە کە ئێران دەیاندات. خامنەئی لە هەشتاکاندا لە نێوەندی شەڕە هەشت ساڵەییەکەی ئێران لەگەڵ عێراقدا هاتە سەر دەسەڵات و چەندین ساڵە هانی " ئارامی ستراتیژی " دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرە سەرەکییەکانی حکومەتی ئێراندا، لەوانەش ئیسڕائیل و ئەمەریکا، ئەوەش لە پێناو خۆ بەدوورگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.

ئەو ستراتیژییەش وایکرد ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنان بکات لە گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکەدا، بۆ بێزارکردنی ئیسڕائیل. بۆ نموونە حەماس لە کەرتی غەززە و حزبوڵای لوبنان، هەروەها بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەمەریکا، بۆ نموونە گروپە چەکدارییەکان لە ماوەی جەنگی عێراقدا بۆمبی چێندراوییان دادەنا و بە هێزەکانی ئەمەریکادا دەتەقینەوە. ئەو ستراتیژییە پەرەی سەند بۆ یەمەنیش، کە لەوێ ئێران لە ڕووی چەکەوە پشتیوانی لە حوسییەکانی ئەو وڵاتە کرد وایکرد حوسییەکان بتوانن پایتەختی یەمەن بگرن و ڕووبەڕووی ئەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە ببنەوە کە سعودیە ڕابەرایەتی دەکرد دژی حوسییەکان لە یەمەندا.

ڕۆژی شەممە ئەو ستراتیژییە گۆڕا. دوای چەندین ڕۆژ لە هۆشداریدان، بەپێی ئیسڕائیل، ئێران 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و زیاتر لە 30 موشەکی کروز و زیاتر لە 120 موشەکی باڵیستیکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد. ئەو چەکانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمب هەڵگرییان تێدا بووە کە ئێران داویەتی بە ڕووسیا لە جەنگەکەی ئەو وڵاتەدا لە ئۆکرانیا.

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەڵێن لە سەدا 99 ی ئەو موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە خراونەتە خوارەوە، ئێران دەڵێت هێرشەکە سەرکەوتوو بووە. وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان ڕۆژی دووشەممە وتی " هێرشەکە بۆ ڕێگریکردن و سزادان و ئاگادارکردنەوەی ڕژێمی زایۆنی بووە." خامنەئی خۆشی داوای لە ئێران کردووە " سزای " ئیسڕائیل بدات.

هۆکاری هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل ئەوە بوو کە لە 1 ی مانگی چواردا لە هێرشێکدا بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لانیکەم 12 کەس کوژران، بە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیشەوە، ئەو هێرشەش خراوەتە پاڵ ئیسڕائیل، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە و ڕەتیشی نەکردووەتەوە.

بەڵام چەندین ساڵە ئێران و ئیسڕائیل بەرژەوەندییەکانی یەکتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەنە ئامانج.

ئیسڕائیل گومانی ئەوەی لێدەکرێت لە پشت کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران و تێکدانی کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە بوو بێت لە ناو ئێراندا. لە سوریاش ئیسڕائیل بەردەوام بۆردومانی فڕۆکەخانەکانی کردووە، ئەوەش لە پێناو تێکدانی گواستنەوەی بارە چەکەکانی ئێران بۆ سوریا، هەروەها ئەفسەرانی دیکەی پاسدارانی ئێرانیشی لە سوریا کوشتووە. هاوکات ئێران گومانی ئەوەی لێدەکرێت تەقینەوە و هێرشی ئەنجام دابێت کە جووەکان و بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیلی کردووەتە ئامانج.

بەڵام هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەکەی ئێران ئێرانییەکانی توڕە کرد.

لە 10 ی مانگی چواردا خامنەئی وتی " هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکەمان وەکو ئەوە وایە هێرش بکەیتە سەر خاکەکەمان."

هەروەها لە کاتێکیشدا دێت کە نادیاریی باڵای بەسەر ئێراندا کێشاوە، لە کاتێکدا کە خامنەئی پیرتر دەبێت، دەسەڵات لە وڵاتدا تا دێت زیاتر دەچەسپێت.

لایەنە توندڕەوەکان سەرجەم کایەکانی دەسەڵاتییان لە ژێر دەستدایە، لە ڕووی ئاسایش و دامەزراوە سیاسییەکانیشەوە، هیچ کام لە میانڕەوەکان کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرد بوونییان نەماوە، لەوانەش سەرۆکی پێشووی ئێران حەسەن ڕۆحانی کە سەرپەرشتی هەوڵەکانی دەکرد.

بەرپرسانی ئێران لەسەر ڕۆحانییان قەدەغەکرد پێشتر لەم ساڵدا جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێراندا هەڵبژێرێتەوە. ئەنجومەنەکە لە 88 ئەندام پێکهاتوون و بەرپرسن لە دەستنیشانکردنی ڕابەری دواتری باڵای ئێران.

هەڵبژاردنەکانی ئێران لەم ساڵدا لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 ەوە کەمترین دەنگدەر بەشدارییان تێدا کرد. دەسەڵاتی لایەنە توندڕەوەکان وادەکات تەنها لایەن بن لۆمە بکرێن لە کاتێکدا کە خەڵکەکەی ئێران دەناڵێنن بە دەست ئابووری خراپی وڵاتەکەوە.

شکستی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا کشایەوە لێی، بووە هۆی ڕووخانی دراوی ئێرانی. ئێستا نرخی تمەنی ئێرانی لە نزمترین ئاستیدایە.

پێشتریش داواکارانی گشتی لە تاران لێکۆڵینەوەیەکی تاوانییان دژی ڕۆژنامەی جەهانی سەنعات و ڕۆژنامەنووسێک دەستپێکرد کە بابەتێکییان لەسەر کاریگەرییەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل بڵاوکردبووەوە. دەزگای هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران وتی ڕاپۆرتەکە " باری دەروونی ئاسایشی کۆمەڵگە تێکدەدات و کێشە دەخاتە ژینگەی ئابووریی وڵاتەکەوە."

ئاماژەش هەن لەسەر ئەوەی بەرپرسانی ئێران خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هەوڵێکی نوێ بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی زۆرەملێ و یاساکان بۆ ژنان.

دەزگای هەواڵی ئیسنا لە زاری سەرۆکی پۆلیسی تاران جەنەڕاڵ عەباس عەلی موحەمەدیانەوە بڵاویکردەوە " پۆلیسی تاران وەکو پۆلیسی هەموو پارێزگاکانی دیکە، دەست دەکات بە ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنەکانی باڵاپۆشی."

هێشتا هەندێک لە ژنان لە تاران بەبێ سەرپۆش بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە، ئەوەش وەکو بەردەوامیدانێک بە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ساڵی 2022 لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی. ئەمینی لەسەر ئەوەی گوایە یاساکانی باڵاپۆشی پێشێل کردووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و لە ژێر دەستییاندا گیانی لە دەستدا. ئەوەش خۆپیشاندانێکی گەورەی لێکەوتەوە و هێزەکانی ئاسایشی ئێران بە توندی خۆپیشاندانەکانییان سەرکوت کرد، بەهۆی سەرکوتکارییەکانەوە زیاتر لە 500 کەس کوژران و زیاتر لە 22,000 کەسی دیکە دەستگیرکران.

هەوڵێکی نوێ بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی ڕەنگە ئەو توڕەییە زیندوو بکاتەوە، بە تایبەتی لە تاران. هاوکات باس لەوە دەکرێت حکومەتی وڵاتەکە ڕەنگە بە زوویی نرخی بەنزین لە وڵاتەکەدا بەرز بکاتەوە. لە ساڵی 2019 دا نرخی بەنزین لە ئێران بەرزبووەوە و خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژی حکومەت لێکەوتەوە، لەو خۆپیشاندانانەشدا دەوترێت 300 کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکە دەستگیرکراون.

ئەو گرژییانە و دەسەڵاتی لایەنە توندڕەوەکان و تەمەنی خامنەئی ڕەنگە نیشانە بن بۆ نزیکبوونەوەی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەدا. تەنانەت دوای ئەوەی ئێران دوای هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل وتی " بابەتەکە ئێستا تەواو بووە "، تەنانەت پێش ئەوەش کە موشەکەکان بگەنە ئیسڕائیل، مانای ئەوە نیە کە تۆڵەی دیکەی ئێران دژی ئیسڕائیل ڕوونەدات.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG