Accessibility links

بایدن دەڵێت دەیەوێت ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دەیەوێت ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی ململانێکەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل جەنگێکی لە غەززە هەڵگیرساندووە و ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئێران بووەتەوە.

بایدن لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق لە واشنتن وتی " ئێران هێرشێکی ئاسمانی بێپێشینەی دژی ئیسڕائیل ئەنجامدا، بەڵام ئێمە هەوڵێکی سەربازیی بێپێشینەماندا بۆ بەرگریکردن لێی. پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بەرگریمان لەو هێرشە کرد."

بایدن وتی " ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە. ئێمە پابەندین بە ئاگربەستێکەوە کە بارمتەکان بگەڕێنێتەوە ماڵەوە و ڕێگری بکات لە پەرەسەندنی لەمە زیاتری ململانێکان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیران.

ئیسڕائیلیش بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکات لە ئێران، تارانیش وتوویەتی هێرشەکانی وەکو تۆڵەیەک بووە بۆ هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی جەنەڕاڵێکی باڵای ئێرانی.

بایدن بەڵێنیداوە پابەند بێت بە پشتیوانیکردنەوە لە ئیسڕائیل، بەڵام داواشی لێکردووە " بە وریایی و ستراتیژییەوە بیر بکاتەوە " پێش ئەوەی وەڵامی ئێران بداتەوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر.

بایدن لە دەمی پێشوازییەکەیدا لە سودانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا پابەندە بە پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی عێراق، چونکە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی گرنگە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو سەربازی هەردوو وڵات پێکەوە کاریان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش کردووە.

سودانیش لە بەرامبەردا گوتی جەنگی داعش ئامرازێک بوو بۆ نزیکبونەوەی مامەڵەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق، کە تێیدا پێکەوە شەڕیان کرد و بەسەر ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە سەرکەوتن، ئەویش سەرکەوتنێکی گرنگ بوو.

سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لە سەردانێکی فەڕمیدایە بۆ ئەمەریکا و مەبەست لە سەردانەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدن سودانی چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کەوت و پاشانیش کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد عەلی تەمیمدا ئەنجام دا.

بلینکن لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەیداوتی " هەوڵی پەرەسەندنی گرژییەکان نادەین، بەڵام بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە بەرگری ئیسڕائیل و پاراستنی سەربازەکانمان لە ناوچەکەدا."

وتی " ئەوەی ئەم کۆتایی هەفتەیە پیشانیدا ئەوەیە کە ئیسڕائیل پێویست ناکات بە تەنها بەرگری لە خۆی بکات کاتێک کە دەبێتە قوربانی دوژمنکاری، قوربانی هێرشێک." وتیشی کارەکانی ئێران " بێپێشینە بوون."

بلینکن وتی لە ماوەی 36 کاتژمێری ڕابردوودا گفتوگۆیەکی زۆری ئەنجام داوە، هەوڵی هەماهەنگییەکی داوە لەسەر وەڵامێکی دیبلۆماتی کە ببێتە هۆی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن لەگەڵ هاوتاکانی لە میسڕ و سعودیە و ئوردن و تورکیا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیادا قسەی کردووە.

جێگری سەرۆک وەزیری عێراق وتی حکومەتەکەی نیگەرانە لەسەر ئەوەی ناوچەکە " ڕابکێشرێتە جەنگێکی بەرفراوانەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی نێودەوڵەتی و پارێزراویی دەکات." داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد " دان بە خۆیاندا بگرن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG