Accessibility links

لێکەوتەکانی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران چی دەبن؟


بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی ناوچەکە، ئێران بە دەیان درۆن و موشەک لە خاکی وڵاتەکەیەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. هەرچەندە بەپێی هەواڵەکان تەنیا منداڵێک بە پارچەی موشەکێکی سیستەمی بەرگری برینداربووە و بەشی زۆری ئەو درۆن و موشەکانە تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە سەر ئاسمانی ئیسرائیل تێکشکێنراون، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی ئێران بێ دەنگ نابێت و کاردانەوەی توندی دەبێت.

دەپرسین:

ئەم دۆخە هەتا چەند شیانی هەیە ببێتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.

ئایە ئێران ئامادەیە خۆی بخاتە نێو شەڕێکی لەو جۆرە؟

ئەگەر هاتوو شەڕ لە نێوان ئەم دوو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسا ئاکامەکانی چی دەبێت بەسەر ناوچەکەدا؟

هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم شەڕەدا دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە تاووتوێ کرا بە میوانداری بەڕێزان:

محەمەد سابیر، شارەزای بواری سەربازی.

حسێن ڕابی، شیکەرەوەی سیاسی و مامۆستای زانکۆی سلێمانی.

دکتۆر سەنگەر سەید قادر، توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:59:04 0:00

محەمەد سابیر

بە بۆچونی من هێشتا ئەمە شەڕ نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پێداهەڵپژانە کە لە چوارچێوەی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە ڕوودەدات، هێشتا ئێرانیش و ئیسڕائیلیش لە دۆخی بەرگریدان، بەڵام دۆخەکە مەترسیدارە بەتایبەت ئەگەر ئەم دوو دەوڵەتە لە دۆخی بەرگرییەوە بچنە دۆخی شەڕ وە دەوڵەتە زلهێزە پشتیوانەکانی هەردوولایان (ئەمەریکا و ڕووسیا) دەستوەربدەنە شەڕەکە ئەوکاتەش شەڕەکە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی مەترسیدار کە ناوچەکە دەسوتێنێت و هەرێمی کوردستان و عێراقیشی پێوەدەلکێت، بە بۆچونی من شەڕێکی گەورە بەڕێوەیە و هاتوشە، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات لە کۆنترۆڵ دەردەچێت نە ئەمەریکا نە وڵاتانی هاوپەیمانان ناتوانن ڕایبگرن، چونە شەڕ ئاسانە بەڵام دەرچون و کۆتاییەکەی قورسە و دیارنیە، هەروەک بینیمان شەڕی ئێران و عێراق کە بۆ چەند ڕۆژێک دایاننابوو بەڵام بینیمان هەشت ساڵی خایاند.

ئەو هێرشەی ئێران هێز و وزەیەکی دا بە ئیسڕائیل بەوەی کە وڵاتانی هاوپەیمانی هاتنە پشتی سۆزی نێودەوڵەتیشی بۆ خۆی ڕاکێشا، هەردوولا ئێرانیش و ئیسڕائیلیش خۆیان بەسەرکەوتوو دەزانن هەم بە بەرگرییان هەم بەهێرشەکانیان کە هەردوولایان بە هاوکاری هاوپەیمانەکانیان ئەنجامیان دا.

هەرچەندە ئەگەرێکی دوورە، بەڵام ئەگەر شەڕی نێوان ئیسڕائیل و ئێران هەڵبگیرسێت بە شێوازی تەقلیدوی نابێت، بەڵکو بە شێوازی تەکنەلۆژیا دەبێت، وە کاریگەری لە ڕووی ئابورییەوە بۆ سەر چەند وڵاتێک دەبێت هەروەک ئێستا چۆن بۆ سەر یەمەن و لوبنان هەیبووە، بۆ عێراقیش کاریگەری دەبێت ئەگەر ببێتە هۆی وەستانی نەوت، هەرێمی کوردستانیش لە ناوەڕاستدایە، هەرچەندە ئەو هێزەی نیە کە نە هێرشبەر بێ نەبەرگریکار، وە مەترسیش نیە نە بۆ ئیسڕائیل نە بۆ سەر ئێران، وە پێویستە ئەمەریکا چاودێری هەرێمی کوردستان بێت ئەگەر ناوچەکە بکەوێتە ناو جەنگەوە چونکە هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەو جەنگە ناگرێت وە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستانیش زیاتر ڕووەو ئێرانە،

مامۆستا حسێن ڕابی

شەڕی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل و ئێران مومکین نیە چونکە ئەو دوو وڵاتە دراوسێی یەکتر نین، دوو وڵاتییان لە نێواندایە، مەگەر شەڕ لە ڕێگای ئاسمانەوە، بەڵام بەڕاستی ئەو هێرشەی ئێران ڕاگەیاندنی شەڕبوو بەرامبەر ئیسڕائیل، چونکە هاوتای هێرشەکەی ئیسڕائیل نەبوو بۆ سەر کونسوڵخانەکەی، تائێستا بە فەرمی ئیسڕائیل نەیوتووە ئەو هێرشەی سەر کونسوڵخانەکەی ئێران من بووم، یا ئێران دەیتوانی لە دەرەوەی خاکی ئیسڕائیل چەند دیپلۆماتکارێکی ئیسڕائیلی بکوژێت هەروەک چۆن پێشتریش لە ڕێگای گروپە تیرۆریستەکانیەوە کردوویەتی.

بە بڕوای من هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل بۆ پاراستنی حزبوڵا و کۆتایی هاتنی شەڕی غەززەیە، هەرچەندە شەڕی غەززە بە نزیکەیی کۆتایی هاتووە، بەڵام پەیامەکەی ئێران بۆ ئیسڕائیل ئەوەبوو کە هێرش نەکاتە سەر حزبوڵا چونکە خاکی لوبنان بۆ ئێران وەک غەززە نیە، ئێران وەک خاکی خۆی سەیری لوبنان دەکات.

ئەم شەڕە بەردەوام دەبێت، هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ کۆتایی هاتنی ئەم شەڕە چونکە ئیسڕائیل قبوڵی ناکات باج بدات، وە من دەبینم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسڕائیل بە چەپ و ڕاستەوە پشتگیری ئیسڕائیل دەکەن لەم شەڕەدا، ئنجا ئێرانیش وڵاتێکی حەیاچووە، ئەوە نیە بڵێی حەیای خۆی دەسێنێتەوە.

بەدڵنیایییەوە ئیسڕائیل هێرش دەکاتە سەر باشوری لوبنان، دواتر سوریا، وە ئەمە بەرە بەرە دێت بەرەو عێراق، چونکە هەموو گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، ئەو حکومەتە تیرۆریستییەی پێشتر داعش دروستی کردبوو، ئێستا حکومەتێکی تیرۆریستی شیعە هەیە لە عێراق، کە دراوسێی ئیسڕائیلە، دەیان لەو موشەکانەی هەیە کە ئێران هێرشی پێییکردە سەر ئیسڕائیل.

لە قۆناغێکدا ئەمەریکا و ئێرانیش دێنە ناو شەڕەکە، ئەوکات کورد پڕۆکسی ئەمەریکایە، کە موچەی ٦٠هەزار پێشمەرگەی بۆ دەدا بێگومان کورد لە باشور دەچێتە پاڵ ئەمەریکا، ئەوەتا ئێرانیش هەستی بەومەترسییە کردووە، دروستکردنی گرفت لەبەردەم موچەی پێشمەرگە لە بەغدادەوە ئەوە کاری ئێرانە.

دکتۆر سەنگەر سەید قادر

ئەگەر بەراوردی ئەو هێرشەی ئێران بە هێرشەکەی حەماس بکەین لە ٧ی دەی ساڵی ڕابردوو ئەوا ژمارەی ئەو موشەک و درۆنانەی ئێران هاویشتی کەمتربوو وە قوربانی و زیانەکانیش زۆر کەمتربوون لەوەی کە گروپێکی بچوکی وەک حەماس ئەنجامیدا، بۆیە ئەوەی ئێران کردی، بە پلەی یەکەم شۆیەک نمایشێک بوو، ئەمەش بەچەند ئامانجێک، ئامانجی یەکەم دەرخستن و پیشاندانی توانای سەربازی خۆی بۆ وڵاتان کە موشەکەکانی تا کوێ دەڕوات، وە ئامانجێکی تر بۆ دامرکاندنەوەی شەقامی ئێرانی بوو لە ناوخۆ، بەڵام لەڕاستیدا ئەو هێرشە خزمەتی زۆری بە ئیسڕائیل کرد، چونکە چوار ڕۆژ لەمەوبەر بایدن داوای لە ناتانیاهۆ کرد کە کۆتایی بەشەڕ بهێنێ، بەڵام ئەم هێرشەی ئێران سەلماندی کە هەڕەشەکە تەنها حەماس نیە بەڵکو ئێرانیشە، بۆیە هاوسۆزی بۆ ئیسڕائیل دروستکرد، وە خزمەتێکیش بوو بەناتانیاهۆ و حزبەکەی کە ماوەی چوار مانگە لە ژێر فشاری زۆری شەقامی ئیسڕائیلیدایە.

ئەم شەڕە فراوانتر نابێت، چونکە هەم دۆخی ناوچەیی وە هەم دۆخی نێودەوڵەتیش ڕێگا بەفراوانبوونی ئەم جەنگە نادات ببێتە جەنگێکی ناوچەیی، چونکە ئەگەر ئێران بیوستایە بچێتە جەنگەوە لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دەچووە ئەو جەنگەوە، وە دۆخی نێوخۆیی و ئابوری وڵاتەکەش لەبار نیە، ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکدایە لە کۆمادایە، خۆ ئەگەر ئەمەریکاش بیەوێت ئێران بڕوخێنێت پێویستی بە جەنگ نیە بەڵکو هەر لە ڕێگای ئابوریەوە دەتوانێت.

بە هیچ جۆرێک توانای سەربازی ئێران بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئیسڕائیل، چونکە ئیسڕائیل وڵاتێکە چەکی نەوەوی هەیە، بەهیچ جۆرێکیش ئێران نایەوێت شەڕی ئیسڕائیل بکات و ئەو تەنها لە قۆناغی بەرگریدایە، ئەوەی هەیە شەڕی وەکیلەکانیانە، وە ئێران دەزانێت بچێتە هەر جەنگێکەوە دۆڕاوە، وە ئیسڕائیلیش دەزانێت ئەوەی پێی دەوترێ هیلالی شیعە نەماوە، ئێران توانای پارەدارکردنی گروپەکانی خۆی نەماوە وەک حزبوڵا کە ئێستا حزبوڵا سەرقاڵی بازرگانیە بە حەبێکی قەدەغەکراوەوە.

ئێران بەهیچ جۆرێک نایەوێ بچێتە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریکا، ئەوەی کردی تەنها نمایش بوو، بەڵکو ئێران شەڕ دەکات لە ڕێگای وەکیلەکانیەوە ئەویش وەک بەرگری ئەوەی شەڕ نەگاتە ناوخۆی ئێران.

ئەوەی دەوترێ کورد شەریک یا هاوپەیمانی ئەمەریکایە بەهیچ جۆرێک ڕاست نیە، کورد بۆ ئەمەریکا تەنها تاکتیکە، ئەو هاوکاریەی هێزی پێشمەرگەش کە دەیکات من لەوماوەیەی ڕابردوو لە ئەمەریکا بوم گوێم لە هەندێک پرس بوو کەدەیانوت هاوکارییەکە بۆ ئەوەیە تا سبەی ئەمەریکا ئەگەر ڕوبەڕووی مەترسی گروپە چەکدارە شیعەکان بوەوە ئەو هێزانەی پێشمەرگە لە دژییان بەکاربهێنێ، ئەمەریکا ئامادەنەبوو سیستمی بەرگرییەکەی خۆی بۆ پارێزگاری لە هێرشەکانی سەر هەولێر بەکاربهێنێ، بەڵکو سیستەمەکەی تەنها بۆ کونسڵخانەکەی خۆی و بنکە سەربازییەکەی لە هەریر داناوە لەو سنورە دەرناچێت.

خستنە خوارەوەی چوار موشەک و درۆنێکی ئێرانی لە لایەن ئەو سیستمە بەرگریەی پێی دەوترێ سیرەم لە هەولێر، مەترسیە بۆ سەر هەرێم لە داهاتوو، چونکە ئێران پێشتر وتی، هەر شوێنێک ڕێگری لە موشەکەکان بەرە ئیسڕائیل بکات ئەو ناوچەیە لە داهاتوو هێرشی دەکەمە سەر، بە دڵنیایی ئەمە ڕوودەدات ئەگەر ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر هەر گروپێکی نزیک لە ئێران، ئێرانیش وەک خۆی ناوی دەبات هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا لە هەرێم، بەداخەوە ئێمەی کورد نە هاوپەیمانین نە شەریکی ئەمەریکاین، بەڵکو کارلێکراو و بەکارهێنراوین نەک بکەر.

XS
SM
MD
LG