Accessibility links

پاش هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سەرکردەکانی جیهان داوای دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنەکان دەکەن


ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، حکومەتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دۆخی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرەو هەڵکشان نەچێت، پاش هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرەنسی BFM-TV و RMC ، ماکرۆن داوای لە ئیسرائیل کرد کە هەوڵی پەراوێزخستنی ئێران بدات نەک پەرەسەندنی نائارامییەکان.

ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ڕۆژی دووشەممە پەیامێکی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و هۆشداری دا بە ئێران لە دژی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل ، هاوکات داوای لە ئیسرائیل کرد ڕۆڵی خۆی لە هێورکردنەوەی دۆخەکە بگێڕێت.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە چالاکییەکانی پەروەردەیی ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکاتەوە، هەروەها سنوورەکان بۆ کۆبوونەوەی خەڵکی لە زۆربەی شوێنەکاندا هەڵدەگیرێت.

لە ئێران، میدیای دەوڵەتی ڕایانگەیاند، جموجۆڵەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەدا ئاسایی بووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگیرابوون.

ئێران لە تۆڵەی هێرشێکی گومانلێکراوی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە یەکی چواری ئەمساڵ، هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دا. ئیسرائیل نە پشتڕاستی کردووەتەوە و نە ڕەتیشیکردووەتەوە کە بەرپرسی ئەو هێرشە بووبێت کە بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی سەربازی ئێران کوژراون.

ئیسرائیل هۆشداری دابوو بە ئێران لە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە لە خاکی ئێرانەوە. ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، وەڵامدانەوەکەیان تەنها لە هێرشەکەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەدا بووە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمەریکای ئاگادارکردووەتەوە لە کردەوەیەکی زۆر گەورەتر ئەگەر ئیسرائیل ئێستا هێرش بکاتە سەر ئێران.

دیپلۆماتکاران هێرشەکەی ئێرانیان شەرمەزار کردووە، هاوکات کار لەسەر ئەوە دەکەن ڕێگری بکەن لەوەی دۆخەکە بەرەو ململانێیەکی فراوانتر بڕوات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگری لۆید ئۆستن ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ هاوشانە سعودی، تورک، میسری ئوردنییەکانیان کۆبوونەوە.

گروپی حەوت وڵاتی پێشەنگی پیشەسازی، ناسراو بە G-7، دوای ئەنجامدانی دانوستانی ڕۆژی یەکشەممە، "بە بێ دوو دڵی" سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد.

سەرکردەکان لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن سەرۆکایەتیی ئیتالیای سەرۆکایەتی گرووپەکەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕایانگەیاندووە " ئێمە هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئیسرائیل و گەلەکەی دەردەبڕین و پابەندبوونی خۆمان بەرامبەر بە ئاسایشی وڵاتەکەی دووپات دەکەینەوە."

ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئێران 320 کڵاوەی جەنگی لە "هێرشێکی بێپێشینەدا" دژ بە ئیسرائیل بەکارهێناوە، بەڵام بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرگری ئەمەریکا وڵاتانی دیکەی پشتیوان، 99%یان خستووەتە خوارەوە.

لە بەیاننامەکەی گرووپی حەوتدا هاتووە "ئێران بە کردەوەکانی زیاتر هەنگاوی ناوە بەرەو ناسەقامگیری ناوچەکە ."

دانیشتنی یەکشەممەی گروپی حەوت لەسەر داوای ئیتاڵیا بوو کە سەرۆکایەتی بە نۆبەی ئەو گروپەی بەدەستەوەیە. هەروەها ئەندامەکانی بریتین لە بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و ئەمەریکا.

کۆلۆنێل. پیتەر لێرنەر، وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، ئێران بنکەیەکی سەربازی کردووەتە ئامانج کە دەڵێت بۆ هێرشەکەی یەکی چوار بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بەکارهاتووە کە بووە هۆی کوژرانی دوو ژەنەراڵی ئێرانی. ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشە ئاسمانییەکەی نیوەشەوی شەممە لەسەر یەکشەممە "زیانێکی زۆری نەبووە".

لێرنەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمڕێژکراوی دژی ئیسرائیل و 120 مووشەکی بالیستیک و 30 مووشەکی کروزی هاویشتووە، کە زۆربەیان ڕاستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە هەڵدراون، هەرچەندە هەندێکیان لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە ئاراستەکراون کە بنکەکانیان لە عێراق و یەمەنن.

جۆن کیربی، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، "زۆرینەی زۆری" مووشەکەکان لە ئێرانەوە هەڵدراون. وتیشی "هیچ ڕێگایەک نەبوو بۆ ئەوەی ئەو کارەی کردوویانە بەبێ پێشێلکردنی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی" کردبێتیان، مووشەکەکانیان بەسەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا هەڵداوە لەکاتێکدا ئیسرائیلی کردە ئامانج.

چەند مووشەکێک کەوتنە نێو ئیسرائیل، بەڵام زۆربەیان پێش ئەوەی بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە.

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کچێکی گەنجی عەرەبی ئیسرائیلی بە سەختی بریندار بووە کاتێک پارچە بەری کەوتووە، کە تاکە زیانی گیانی بووە.

کیربی وتی لە کاتێکدا ئەمەریکا یارمەتی داوە لە خستنەخوارەوەی مووشەکەکان، بە ئیسرائیلیشی ڕاگەیاندووە کە "بەشداری لە هێرشکردنە سەر ئێران ناکات".

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کابینەکەی کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران.

نەتانیاهۆ لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاندووە، "ڕێگریمان لێکردن، پووچەڵمان کردنەوە، پێکەوە سەردەکەوین".

بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ڕایگەیاند، ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە.

ئێران داوای لە ئیسرائیل کرد کە هەنگاوی تۆڵەسەندنەوەی نەنێت.

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس، دەڵێت " دەکرێ بابەتەکە بە کۆتایی هەژمار بکرێت."

گوتیشی "بەڵام ئەگەر ڕژێمی ئیسرائیل هەڵەیەکی دیکە بکات، وەڵامی ئێران بەڕێژەیەکی بەرچاو توندتر دەبێت."

هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی ئێرانەوە بووە هۆی پەرەسەندنێکی گەورەی ململانێی نێوان زلهێزە ناوچەییە ڕکابەرەکان و بووە هۆی هەنگاونان لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل.

لە پەیامێکدا کە بۆ دەنگی ئەمەریکا ، ژەنەڕاڵ جەیکەب ناگل، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل لەلایەن هاوپەیمانە ئەمەریکایی، بەریتانی، ئوردنی و سعودییەوە هاوکاری کراون لە ڕێگریکردن لە موشەکەکانی ئێران.

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانیان خستە خوارەوە کە ئیسرائیلیان کردبووە ئامانج.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا درەنگانێکی شەممە لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەی کرد.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمی ئاسایشی نیشتمانی بایدن "بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی ناوچەکە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر".

مایکڵ لیپین، مارگرێت بەشیر و جێف سێڵدین هاوکارییان کردووە بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە، بەشێک لە زانیارییەکانیش لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG