Accessibility links

وتەبێژی حکومەتی هەرێم: هەرێمی کوردستان ئارامە و داوای ئاشتی دەکەین لە ناوچەکەدا


پێشەوا هەورامی
پێشەوا هەورامی

دوای هێرشە فراوانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دڵنیایی دەدات لە ئارامی دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناکات.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "هەرێمی کوردستان ئارامە و هیچ کێشەیەکی نییە."

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "حکومەتی هەرێم هیچ کاتێک لایەنگری هیچ شەڕ و ئاڵۆزییەک نییە لە ناوچەکەدا. لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان هەمیشە قوربانی شەڕ و ئەو ململانێیانە بووە کە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە، بۆیە ئێمە داوای ئاشتی دەکەین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک شەڕ و ململانێ."

شەوی ڕابردوو، 13ی مانگی چوار، ئێران لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل. هێرشەکە کاردانەوەی ئێران بوو بۆ هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە ڕۆژی 1-4-2024، لە دیمەشق کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەلایەنی کەمەوە 7 کەس کە لە نێوانیان 3 فەرماندەی باڵای پاسداران هەن.

لەم وێنەیەدا پاشماوەی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە موشەکەکانی ئێران دەردەکەوێت دوای تێکشکاندنی لەلایەن ئیسرائیل. موشەکەکە بەر ماڵی خێزانێکی عەرەبی بەدەوی کەوتووە لە باشوری ئیسرائیل و منداڵێکی 7 ساڵانی بریندار کردووە.
لەم وێنەیەدا پاشماوەی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە موشەکەکانی ئێران دەردەکەوێت دوای تێکشکاندنی لەلایەن ئیسرائیل. موشەکەکە بەر ماڵی خێزانێکی عەرەبی بەدەوی کەوتووە لە باشوری ئیسرائیل و منداڵێکی 7 ساڵانی بریندار کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، هێرشەکە لە لایەن زیاتر لە 300 درۆن و مووشەکەوە ئەنجامدراوە و حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت بەسەرکەوتوویی 99% هێرشەکەی تێکشکاندووە.

ڕەزا مەنوچەهری، ڕۆژنامەنووس و چاودێری کاروباری ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل ململانێی ڕاستەقینەیە، بەڵام ئەم ململانێیە سەرناکێشێت بۆ شەڕێکی ڕاستەوخۆی دوورمەودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا، چونکە سنوری هاوبەشی خاکی و ئاوی و ئاسمانیان نییە، هێرشەکانیان بە ڕێگەی درۆنەوە دەبێت یان گروپە چەکدارەکانی نزیکیان بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکار دەهێنن."

وتیشی، " بەشێک لە چاودێران کە وا لێکی دەدەنەوە گوایە ئەم دوو وڵاتە ناچنە شەڕێکی ڕاستەوخۆوە و دەبێت ڕێکەوتنی هاوبەش هەبێت لە نێوانیاندا، ئەمە بۆچونێکی موئامەرەیە، لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی جیۆپۆڵەتیکی هەردوو وڵاتە."

شەوی ڕابردوو بە هۆی مەترسی فراوانبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا، ئاسمانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بە ڕووی گەشتە ئاسمانیەکاندا داخران و داخستنەکەش عێراق و هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە.

بەردەوامی هێرش و سنور بەزاندنەکانی ئێران و تورکیاش لەسەر هەرێمی کوردستان بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەمیشە وا لێکدەدرێتەوە هەرێم لەبەردەم مەترسی بەردەوامی هێرشی دەرەکی و بە تایبەتیش ئیقلیمیدایە.

چاودێرانی لە ئەگەری هەر ئاڵۆزیەک لە ناوچەکەدا هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەوەی بە بێلایەنی و هاوسەنگی سیاسی هەرێم لە ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بپارێزن.

ڕەزا مەنوچەهری لەمبارەوە دەڵێت، "زۆر گرنگە هەرێم سیاسەتی هاوسەنگ لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکات و خۆی نەخاتە تەرازوی هیچ لایەنێکەوە، بۆ ئەوەی هەرێم پارێزراو بێت و نەبێتە گۆڕەپانی ئەو ململانێیانە. ئەگەر سیاسەتەکە هاوسەنگ بێت تاڕادەیەک ئەو مەترسیانەی لەسەر هەرێم هەن کەم دەبنەوە، ئەو هێرشانەش کە بە پاساوی جۆراوجۆر کراونەتە سەر هەرێم، هۆکارەکەی ئەوەیە سیادەی ناوچەکە و عێراق و هەرێمیش لە مەترسیدایە."

XS
SM
MD
LG