Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت تەنیا منداڵێک بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتەکەیان برینداربووە


ڕێکخراوی ئەستێرەی داوودی سووری ئیسرائیل کە هاوشێوەی ڕێکخراوەکانی مانگی سوور و خاچی سوور کاردەکات ڕایگەیاند تەنیا کچێکی تەمەن 10 ساڵ بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان بە سەختی برینداربووە، ئەویش پارچەی یەکێک لە موشەکەکانی سیستەمی بەرگری بەرکەوتووە.

ڕێکخراوەکە بەرەبەیانی یەکشەممە بە کاتی خۆجێی لە تویتەرەکەی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت منداڵەکە لە نزیک شارۆچکەی ئەراد لە ڕۆژئاوای ئیسرائیل برینداربووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک کراوە لە شاری بێرشێڤا.

هاوکات ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لەسەر پێگەی ئێکس ڕایگەیاند، ئێران دەیان موشەکی گرتووەتە ئیسرائیل و زۆربەی ئەو موشەکانە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل تێکشکێنراون و تەنیا چەند دانەیەکیان کەوتوونەتە ناو خاکی ئیسرائیل. وتیشی یەکێک لە موشەکەکان لە بنکەیەکی لەشکری کەوتووە و زیانێکی زۆر سووکی بە ژێرخانی بنکەکە گەیاندووە.

لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵی حەدەثی عەرەبی، ئەڤیخای وتی هێرشەکانی ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەکە بە تەواوی شکستی هێنا و لە کۆی نزیکەی 170 دۆرنی ئێران تەنانەت یەک دانەشیان نەگەیشتووەتە ئاسمانی ئیسرائیل و لە کۆی زیاتر لە 30 موشەکی کروز یەک دانەشیان لە خاکی ئیسرائیلی نەداوە و تەنانەت 25 دانەیان پێش ئەوەی بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل تێکشکێنراون و لە کۆی 120 موشەکی بالستی ژمارەیەکی زۆر کەمیان گەیشتوونەتە ئاسمانی ئیسرائیل و لە بنکەی هێزی ئاسمانی نێڤاتیم لە ناوەڕاستی ئیسرائیل کەوتووە و زیانێکی کەمی لێکەوتووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک کاری نەکردووەتە سەر کاری بنکەکە. وتیشی جگە لەوەی لە ئێرانەوە درۆن و موشەک گیراونەتە ئیسرائیل، هەروەها لە عێراق و یەمەن و لوبنانیشەوە درۆن و موشەک گیراونەتە ئیسرائیل، وە بە هەمان شێوە سەرکەوتووانە ئەوانەشمان تێکشکاند. جەختیشی کردەوە ئیسرائیل هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ پاراستنی خەڵکەکەی.

هەروەها دانیال هاگاری، وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی عبری وتی ئێران زیاتر لە 200 درۆن و موشەکی گرتووەتەوە وڵاتەکەیان.

لە لایەکی دیکە کەناڵ 12 ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کاربەدەستێکی باڵای وڵاتەکەیان وتویەتی 99% ی موشەکەکانی ئێران تێکشکێنراون. وتوشیەتی ئیسرائیل کاردانەوەیەکی توندی لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەشکری ئەمەریکاش ژمارەیەک لەو درۆن و موشەکانەی تێکشکاندووە. هەروەها فڕۆکەی جەنگی ئوردن ئەوانیش دەیان درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە. هەروەها بەریتانیا و فەڕەنساش بەشدارییانکردووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران.

ئێران لای خۆیەوە دەڵێت 2 شوێنی لەشکری ئیسرائیلی وێرانکردووە. محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت ئەگەر بێت و ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەیان، ئەوا کاردانەوەیەکی زۆر گەوتریان دەبێت. وتیشی لە هێرشەکانی بەرەبەیانی یەکشەممە تەنیا شوێنی لەشکرییان کردووەتە ئامانج.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز و میدیاکانی ئیسرائیل وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG