Accessibility links

کۆشکی سپی: ئیسڕائیل ڕازیبووە گوێ لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بگرێت پێش ئەوەی بەرەو ڕەفەح جوڵە بکات


وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی ڕۆژی یەکشەممە وتی ئیسڕائیل ڕازیبووە گوێبستی بۆچوون و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا بێت پێش ئەوەی هێرشی زەمینی بکاتە سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە.

بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئیسڕائیل ڕۆژی چوارشەممە وتی سوپای ئیسڕائیل ئامادەیە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕەفەح و هێرشکردنە سەر حەشارگەکانی حەماس لەو شارەدا، ئەمەش سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆیی ئەگەر ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر ڕەفەح.

واشنتن پێشتر وتوویەتی کە ناتوانێت پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕەفەح بکات بەبێ پلانێکی گونجاو و متمانەپێکراوی مرۆیی.

کێربی بە کەناڵی ئەی بی سی وت " دڵنیایان کردووینەتەوە کە هێرش ناکەنە سەر ڕەفەح تاوەکو دەرفەتێکمان دەبێت بۆ قسەکردن لەسەر بۆچوون و نیگەرانییەکانمان لەگەڵیاندا."

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە سەردانی ناوچەکە بکات و کێربی وتی بلینکن بەردەوام دەبێت لە فشارکردن بۆ ئاگربەستێکی کاتی کە واشنتن دەیەوێت شەش هەفتە بخایەنێت.

بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت ڕۆژی دووشەممە شاندێکی حەماس بە مەبەستی دەستکەوتنی ئاگربەستێک دەچن بۆ قاهیرە.

کێربی وتی " ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە دوای شەش هەفتە لە ئاگربەست، بتوانین شتێکی دیکەی بەردەوامتر بە دەستبهێنین." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە یارمەتییەکان دەگەیەننە ناو غەززەوە زیادییان کردووە.

وتی " ئیسڕائیلییەکان دەستییان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە سەرۆک جۆو بایدن داوای لێکردوون جێبەجێی بکەن."

پێشتر لەم مانگەدا سەرۆک بایدن بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی وت هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینیی و کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە بپارێزێت، ئەگەر نا ئەوا ئەمەریکا پشتیوانییەکانی بۆ ئیسڕائیل لە جەنگەکەیدا دژی چەکدارانی حەماس کەم دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG