Accessibility links

مەحمود عەباس دەڵێت تەنها ئەمەریکا دەتوانێت هێرشە پێشبینیکراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕەفەح ڕابگرێت


سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس، ڕیاز ، سعودیە
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس، ڕیاز ، سعودیە

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس ڕۆژی یەکشەممە وتی تەنها ئەمەریکا دەتوانێت ئیسڕائیل ڕابگرێت لە هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە، وتیشی ئەو هێرشە کە پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێبکات دەکرێت ملیۆنان هاووڵاتی فەلەستینی ناچار بکات لە کەرتی غەززە هەڵبێن.

عەباس لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیدا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە وتی " داوا لە ئەمەریکا دەکەین داوا لە ئیسڕائیل بکات هێرش نەکاتە سەر ڕەفەح. ئەمەریکا تەنها وڵاتە بتوانێت ڕێگری لە ئیسڕائیل بکات ئەم تاوانە ئەنجام نەدات."

ئیسڕائیل کە چەند هەفتەیەکە هەڕەشەی هێرشێکی بەرفراوان دەکات بۆ سەر ڕەفەح دەڵێت ئامانجی لە ناوبردنی ئەو یەکە سەربازییانەی حەماسە کە هێشتا لە ڕەفەح ماونەتەوە، هەفتەی ڕابردووش هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ڕەفەحی زیاتر کرد.

وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئەمەریکای نزیکترین هاوپەیمانی ئیسڕائیلیشەوە داوایان لەو وڵاتە کردووە هێرش نەکاتە سەر ڕەفەح، کە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ و زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی فەلەستینی لە شوێنەکانی دیکەی غەززە هەڵاتوون و ڕوویان تێکردووە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

عەباس وتی " ئەوەی کە ڕوودەدات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەوەیە کە ئیسڕائیل دەیکات بە هێرشکردنە سەر ڕەفەح چونکە سەرجەم فەلەستینییەکانی غەززە لەوێ کۆبوونەتەوە." وتیشی " تەنها هێرشێکی بچووک " لە ڕەفەح وادەکات دانیشتوانی فەلەستینی ناچار بن لە کەرتی غەززە هەڵبێن.

وتیشی " گەورەترین کارەسات لە مێژووی گەلی فەلەستینییەکاندا ڕوودەدات."

عەباس جەختی لەوە کردەوە کە دژایەتی ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان دەکات بۆ ناو ئوردن و میسڕ و وتی نیگەرانە لەوەی کە هەر کە ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە تەواو کرد هەوڵ دەدات دانیشتوانی فەلەستینیش لە کەناری ڕۆژئاوا ناچار بکات هەڵبێن بۆ ئوردن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG