Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئیسڕائیل بە شێوەیەکی نایاسایی یارمەتییەکانی غەززە سنووردار دەکات


ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە وتی ئیسڕائیل " بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو یارمەتییە مرۆییانە سنووردار دەکات " کە دەچنە غەززەوە و لەوێ دابەش دەکرێن.

ڕاڤینا شەمداسانی وتەبێژی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێزەکانی ئیسڕائیل بەردەوامن لە " تێکدانی ژێرخانی هاووڵاتییانی سڤیل بە شێوەیەکی بەرفراوان لە غەززە."

شەمداسانی وتی " کۆمسیاری باڵا دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەبێت، بارمتەکان دەبێت ئازاد بکرێن و دەبێت ڕێگە بدرێت تەواوی یارمەتییە مرۆییەکان دەستبەجێ بگەیەندرێن."

ئیسڕائیل داکۆکی لە هەڵمەتە سەربازییەکەی کردووە لە غەززە و دەڵێت مەبەست لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە و حەماسی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کارکردن لە نێو ناوچەکانی دانیشتواندا.

شەش مانگ لە جەنگ بووەتە هۆی کەوتنەوەی کاولکارییەکی گەورە و زۆربەی دانیشتوانەکەی کەرتی غەززەی ناچار کردووە بچنە شاری ڕەفەحی باشووری غەززەوە و وەکو پەناگە بەکاریبهێنن. شارەکە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ.

شەمداسانی وتی " هیچ ناوچەیەک لە غەززە نیە بۆردومان نەکرابێت. نزیکەی 1.7 ملیۆن هاووڵاتی بە ناچاری ئاوارەبوون، لە هەلومەرجێکی خراپدا و لە ژێر مەترسییەکی بەردەوامدا دەژین."

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بڕی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە دەچنە غەززەوە زیادیکردووە و ئەمەریکاش دەیەوێت گەیاندنی یارمەتییەکان بەوشێوەیە بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

کێربی بە کەناڵی MSNBC وت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 100 بارهەڵگر چوونەتە کەرتی غەززەوە.

بۆ یەکەمین جار دوای شەش مانگ، نانەواخانەیەک لە شاری غەززە بە یارمەتی ڕێکخراوی چێشتخانەی ناوەندی جیهان دەستیکرد بە کارکردن. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و هەنگاوی بەرجەستەی ئیسڕائیل بۆ پاراستنی کارمەندانی مرۆیی و هاووڵاتییانی سڤیلی لە غەززە کرد بە مەرج بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا لە ئیسڕائیل.

ئەو جووڵەیەی بایدنیش دوای ئەوە هات بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لە غەززە حەوت کارمەندی چێشتخانەی ناوەندی جیهان کوژران.

ڕێکخراوە مرۆییەکان گلەیی ئەوەیان کردووە ئیسڕائیل دڵنیایی نادات لەسەر گەیاندنی خۆراک و دەرمان و پێویستییە مرۆییەکانی دیکە بۆ ناو غەززە، کە لەوێ دانیشتوانەکەی ڕووبەڕووی برسێتی و نەخۆشی بوونەتەوە و زۆربەیان بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG