Accessibility links

دوای هێرشەکەی ئێران، عێراقییەکان ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل هەیە


ئێران شەوی یەکشەممە سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد، ئەمەش " جەنگە سێبەرییەکەی " ناو ناوچەکەی گۆڕی بۆ ململانێیەکی ڕاستەوخۆ، لە کاتێکدا کە هێشتا گرژییەکان ماونەتەوە، خەڵکی ناو عێراق دەڵێن لە مێژە کەوتوونەتە بەردەمی ململانێکانەوە، ئەگەر ململانێکەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ڕەنگە پشکی توندوتیژیی زیاتریان بەربکەوێت.

مازن محەمەد کە باوکی دوو منداڵە و لە ڕێکخراوێکی مافەکانی ژنان لە بەغداد کاردەکات دەڵێت " زۆرێک لە خەڵکەکە هەست بە ناپارێزراویی دەکەن، پارێزراو نیە و مەترسییەک هەیە لەسەر ژیانییان. بە تایبەتی ئەوەی کە عێراق وەکو یەکێک لە باڵەکانی ئێران دادەندرێت."

عێراق یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەن، هەروەها ماڵی چەندین گروپی چەکداریی شیعەی سەر بە ئێرانە. بەڵام لە ڕووی سیاسیی و ئایینی و نەژادیشەوە دابەش بووە، نزیکەی لە سەدا 45 ی دانیشتوانی وڵاتەکە شیعە نین.

زۆرێک لە سەرکردەکانی عێراق و هەندێک هەرێم بە تەواوەتی هاوپەیمانییەکی بەهێزییان لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەیە، بە تایبەتیش لەگەڵ ئەمەریکادا، کە چەندین بنکەی سەربازیی گەورەی لەو وڵاتەدا هەیە.

ڕکابەرایەتی لە نێو لایەنە جیاوازەکان و چەندین دەیە لە جەنگ و ناسەقامگیری و هەژارییەکی توند وایکردووە بە تایبەتی هاووڵاتیانی عێراق لاواز بن لەبەردەم ئەوەدا ئەگەر ئیسڕائیل و ئێران بەردەوام بن لە شەڕکردن، ئیتر شەڕەکەیان ڕاستەوخۆ بێت یاخود لە ڕێی گروپە چەکدارییەکانی ناو سنوورەکانییانەوە بێت.

عێراق کەوتووەتە نێوەندی تەقەی ئیسڕائیل و ئێرانەوە، لە هێرشەکەی ئێرانیشدا بۆ سەر ئیسڕائیل چەندین پارچەی موشەک لەسەر خاکی عێراق کەوتنە خوارەوە.

محەمەد وتی " پێم وانیە جەنگەکە تەنها لە ناو ئیسڕائیل و ئێراندا بێت."

لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، ئیبراهیمی تەمەن 29 ساڵ کە مامۆستایەکی ئێرانی زمانی ئینگلیزییە، ماوەی 10 ساڵە ئێرانی جێهێشتووە. بەڵام هێشتا ناوی دووەمی ئاشکرا ناکات لە ترسی تۆڵەی حکومەتی ئێرانی.

ئیبراهیم لە ڕابردوودا لە ئێران بەشداری لە گردبوونەوەکانی دژ بە ڕۆژئاوادا کردووە و گوێبیستی داواکان بووە بۆ لە ناوبردنی ئیسڕائیل. بەڵام باوەڕی وایە ئەو داوایە لە ئێستادا بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان کاتەکەی بەسەرچووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئێرانییەکان هاوسۆزی خۆیان بۆ هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە دەربڕیوە.

ئیبراهیم وتی " خەڵکی ئێران هەست ناکەن ئەمە جەنگی ئەوان بێت. ئەگەر بیر لە دەرەنجامەکان بکەنەوە، ئەوا خەڵکەکە زیانییان پێدەگات."

بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکای باکوور لە ئەنجومەنی چاتهام سانام ڤاکیل وتی سەرەڕای ڕای گشتی، جەنگەکە پەرەی سەند و ڕەنگە بەردەوامیش بێت لە پەرەسەندن.

وتی " ئێران هەوڵیدا ڕێگرییەکان زیندوو بکاتەوە، توانا بەرگرییەکانی پیشاندا. بەڵام دیار نیە کە ئایا دەتوانێت خۆی بە دووربگرێت لە هێرشی پێچەوانەی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران یان نا."
ئیبراهیم پێی وایە قورسە بزانرێت کێ سوود دەبینێت لە ململانێیەکی گەورەتردا. ئێران لە مێژە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریی بووەتەوە و ملیۆنان کەسیش لەو وڵاتەدا لە هەژاریدا دەژین، لە کاتێکدا کە نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو خۆراک بەرزبوونەتەوە.

بەپێی شیکەرەوەکان لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ناوبانگی لە وڵاتەکەدا کەم بووەتەوە، ململانێی زیاتریش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری قووڵتر، ڕەنگە توندکردنەوەی سزاکانیشی بەدوادا بێت کە بوونەتە هۆی پەکخستنی ئابووری ئێران.

ئیبراهیم وتی " پێم وانیە کۆماری ئیسلامی بتوانێت ئەم جەنگە هەڵگیرسێنێت، یاخود بتوانێت خەرجییەکەی دابین بکات."

دوور لە پشێوی بەغداد و شەقامەکانی هەولێر، لە گردەکانی کوردستان لە نزیک سنووری ئێران، هەندێک لە دانیشتوانە کورد و ئێرانییەکان قازانجێک لە ململانێکەدا دەبینن.

ژینای تەمەن 32 ساڵ لە ساڵی 2022 دا ئێرانی بە جێهێشت، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا، بریندار بوو. مەرگی ژینا ئەمینی بووە هۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لەو وڵاتەدا و بزووتنەوەیەکی خۆپیشاندانی لە ئێراندا دروست کرد، کە داوای مافەکانی ژنان و مافەکانی دیکە دەکەن.

بەرپرسانی ئێران خۆپیشاندانەکانییان سەرکوت کرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییانەی ئێراندا و کەمی ڕێژەی دەنگدان تێیدا دەرکەوت کە سەرکوتکردنەکە سوودی نەبووە لە دامرکاندنەوەی ناڕەزاییەکاندا. ژینا دەڵێت هەر کارێکی نێودەوڵەتی، بە هێرشیشەوە، حکومەتی ئێران لاواز دەکات و دەبێتە هۆی خێروبەرەکەت بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان.

ژینا وتی " ئێران گرنگی بە خەڵکەکەی خۆی نادات، لە کاتێکدا موشەک دژی ئیسڕائیل و وڵاتانی دیکە هەڵدەدات. ئێران ئەم دروستکردنی کێشەیە بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی سەرنج و سەنگەکان لەسەر هەڵسوکەوتە خراپەکەی خۆی."

بەڵام هاوشێوەی خێزانەکان لە عێراق، ژیناش لەوە دەترسێت دواجار هاووڵاتیانی سڤیل ببنە قوربانی جەنگەکە.

وتی " تەلەفونم بۆ خێزانەکەم کردووە و داوام لێکردوون لە ژوورەوە بمێننەوە و ماڵەکە جێنەهێڵن. داوام لە خوشکەکەم کرد منداڵەکانی نەنێرێت بۆ قوتابخانە."

XS
SM
MD
LG