Accessibility links

بەرەوپێشچوون هەیە لە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە


ڕۆژی شەممە شاندێکی حەماس گەیشتنە قاهیرە و میدیای میسڕ باسی لە "بەرەوپێشچوونێکی دیار" کرد لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا لەگەڵ ئیسڕائیل، بەڵام بەرپرسێکی ئیسڕائیل ئەگەری کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕەت کردەوە.

فشارەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە جەنگەکەی ناو غەززەدا زیادیکردووە. بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێستا برسێتییەکی بەرفراوان لە باکووری غەززەدا بڵاوبووەتەوە، هاوکات ئیسڕائیل سوورە لەسەر ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ ناو ڕەفەحی باشووری غەززە، ڕەفەح دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان تێکردووە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

نێوەندگرە ئەمەریکایی و میسڕییەکان باسییان لە بەرەوپێشچوون کردووە لە گفتوگۆکاندا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ئاگربەست دیار نیە، لە کاتێکدا کە گومان هەیە لەوەی ئیسڕائیل کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت بەبێ ئەوەی بگات بە ئامانجەکەی بۆ لە ناوبردنی حەماس.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلقاهیرەی سەر بە دەوڵەتی میسڕ ڕۆژی شەممە وتی سازش کراوە لەسەر چەندین خاڵی جێناکۆکی لەسەر، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا. حەماس داوای کۆتایی هێنانی بە جەنگەکە کردووە، هەروەها داوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسڕائیلی کردووە لە غەززە.

بەرپرسێکی ئیسڕائیل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات ئەگەری کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕەت کردەوە، وتی ئیسڕائیل پابەندە بە ئەنجامدانی هێرشە زەمینییەکەیەوە بۆ سەر ڕەفەح و لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕازی نابێت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت تاوەکو ئێستا 13,000 چەکداریی فەلەستینییەکانی کوشتووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو بانگەشەیەی نەخستووەتە ڕوو. هەروەها ژمارەیەکی زۆریشی لە ماوەی هێرشەکانیدا لە غەززە دەستگیرکردووە.

ئیسرائیل دوای هێرشێکی لەناکاوی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هێرشی بەرپەرچدانەوەی خۆی لە غەززە دەستپێکرد و هێرشەکانی تاکو ئێستا بەردەوامە. چەکدارانی حەماس کە لایەن ئەمەریکاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوە، لە حەوتی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG