Accessibility links

شاندێکی حەماس دەگاتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست لە غەززە


بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ڕۆژی شەممە دانوستکارانی حەماس گەیشتوونەتە قاهیرە، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێک لە غەززە کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەندێک لە بارمتەکان.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلقاهیرەی سەر بە دەوڵەتی میسڕ بە هەمان شێوە گەیشتنی شاندەکەی حەماسی بۆ قاهیرە پشتڕاست کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی میسڕ بە ڕۆیتەرزی وت " ئەنجامەکانی ئەمڕۆ جیاواز دەبن. گەیشتووین بە ڕێککەوتنێک لەسەر زۆرێک لە خاڵەکان، هەندێک خاڵی کەم ماونەتەوە."

بەرپرسێکی فەلەستینی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت " ئەمجارە شتەکان باشتر دەردەکەون بەڵام ئەوەی کە ئایا ڕێککەوتن دەکرێت ئەوە پەیوەستە بەوەوە کە ئایا ئیسڕائیل ئەوەندەی پێشکەش کردووە کە ئەوە ڕووبدات یاخود نا."

ئەمەریکا کە هاوشێوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل حەماس بە گروپێکی تیرۆریست دادەنێت، داوای لێکردووە ڕێککەوتنێک واژۆ بکات.

هۆکاری چەق بەستوویی گفتوگۆکان ئەوە بووە کە حەماس داوای پابەندبوونێک دەکات بە کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی ئیسڕائیل، ئیسڕائیلیش دەڵێت دوای هەر ئاگربەستێک دەست دەکاتەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانی کە مەبەست لێیان لە ناوبردنی حەماسە.

ڕۆژی شەممە بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی " ئیسڕائیل لە ژێر هیچ مەرجێکدا ڕازی نابێت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستی سەرەکی ئیسڕائیل لەسەر ئەو بابەتە نەگۆڕاوە.

ڕۆژی هەینی حەماس ڕایگەیاند بە " ڕۆحێکی ئەرێنییەوە " دەچێت بۆ قاهیرە، ئەوەش دوای ئەوەی بیرییان لە نوێترین پێشنیارەکەی ئاگربەست کردووەتەوە کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە پێشکەش کراوە. ئیسڕائیل بە شێوەیەکی سەرەتایی ڕازی بووە بە مەرجەکان، یەکێک لە سەرچاوەکانیش وتی یەکێک لە مەرجەکان بریتییە لە ئازادکردنی 20 بۆ 33 بارمتە و لە بەرامبەریشدا ئازادکردنی سەدان زیندانی فەلەستینی، هەروەها وەستاندنی شەڕەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک.

ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیە بێت، ئەوا هێشتا نزیکەی 100 بارمتەی ئیسڕائیلی لە غەززە دەمێننەوە، هەندێک لەو بارمتانەش ئیسڕائیل دەڵێن مردوون. سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت گەڕانەوەی بارمتەکان ڕەنگە پێویستی بە سازدانی زیاتر بێت لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

سەرچاوە میسڕییەکان دەڵێن بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنز ڕۆژی هەینی گەیشتووەتە قاهیرە. بێرنز پێشتر بەشدار بووە لە خولەکانی گفتوگۆکاندا و واشنتن ئاماژەی بەوە داوە کە ڕەنگە ئەمجارە بەرەوپێشچوون هەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG