Accessibility links

ئەمەریکا دژایەتی پڕۆژە یاسایەکی عێراق دەکات لە دژی هاوڕەگەزخوازیی و دەڵێت مەترسییە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ


پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و سزای 10-15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیاریکرد، ئەم هەنگاوەش لەلایەن گروپەکانی داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنە کرا و دەڵێن نوێترین هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە وڵاتەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ڕۆژی شەممە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا و هاوڕەگەزخوازیی دەکات بە تاوان هەڕەشەیە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، هەروەها دەڵێت توانای عێراق بۆ هەمەچەشنەکردنی ئابوورییەکەی و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بەلای خۆیدا لاواز دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە دەڵێت " ئەم یاسایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوانەی کە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا لە مەترسیدان. دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕیندا و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرانسەری عێراقدا."

بەپێی یاساکە کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە، " یاساکە ئامانجی پاراستنی کۆمەڵگەی عێراقییە لە نەمانی ڕەوشت."

یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازیی پەیوەندییەکانی نێوان هەمان ڕەگەز قەدەغە دەکات و هەرکەسێک سەرپێچی یاساکە بکات ئەوا ڕووبەڕووی 10 بۆ 15 ساڵ زیندانیکردن دەبێتەوە، هەروەها سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی داناوە بۆ هەر کەسێک کە هانی هاوڕەگەزخوازیی یاخود لەشفرۆشی بدات.

هەروەها سزای 1 بۆ 3 ساڵ زیندانیکردنی داناوە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت یاخود بە ویستی خۆی پۆشاکی ژنانە بپۆشێت.

پڕۆژە یاساکە سەرەتا سزای مەرگی بۆ هاوڕەگەزخوازیی و لەشفرۆشی دانابوو، بەڵام دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دژایەتی پڕۆژەکەیان کرد، پەرلەمانی عێراق پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدات پڕۆژە یاساکەی هەموار کردەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەر

XS
SM
MD
LG