Accessibility links

عێراق دەنگدانێک لەسەر پڕۆژە یاسای سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر کردەوە هاوڕەگەزخوازییەکاندا دوادەخات


ڕۆژی دووشەممە یاسادانەرانی عێراق دەنگدانێکییان لەسەر پڕۆژە یاسایەک دواخست کە سزای مەرگ یاخود زیندانی تا هەتایی تێدایە بۆ هاوڕەگەزخوازان، لە ڕێوشوێنێکدا کە دیبلۆماتکارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا ڕەنگە دەرەنجامی جددی هەبێت لەسەر پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی عێراق.

ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دانیشتنی خۆی کرد، پڕۆژە یاساکەش دووەم بابەت بوو لە ئەجێنداکەیدا.

پڕۆژە یاساکە سزای زیندانی تا هەتایی یاخود سزای مەرگ دەسەپێنێت بەسەر هەر کەسێکدا کە لە پەیوەندییەکی هاوڕەگەزخوازیدا بێت یاخود هەر کەسێک کە ژنی خۆی لە پێناو مەبەستی سێکسیدا لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بگۆڕێتەوە.

هەروەها هاندان بۆ هاوڕەگەزخوازی قەدەغە دەکات و پێشێلکردنی یاساکەش سزای لانیکەم 7 ساڵی لەسەرە.

دوو یاسادانەر وتییان دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە بەهۆی کەمی کاتەوە دواخراوە و هەندێک ناکۆکیش هەبوون لەسەر بەندەکانی پڕۆژە یاسا پێشنیارکراوە.

لایەنە گەورە سیاسییەکانی عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕەخنەکانییان لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازی زیاتر کردووە، ئاڵا پەلکەزێڕینەکان بەردەوام لە خۆپیشاندانەکاندا سوتێندراون.

دیبلۆماتکارانی سێ وڵاتی ڕۆژئاوایی داوایان لە بەرپرسانی عێراق کردووە پڕۆژە یاساکە پەسەند نەکەن، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە کارکردن لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵ عێراقدا قورس دەکات لە کاتێکدا کە وڵاتەکە هەوڵ دەدات زیاتر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نزیک ببێتەوە.

دیبلۆماتکارێکی باڵا وتی " زۆر قورس دەبێت لە ناو وڵاتی خۆتدا بیانوو بهێنیتەوە بۆ کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ وڵاتێکی لەو جۆرەدا."

وتی " زۆر ڕوون بووین: ئەگەر ئەم یاسایە پەسەند بکرێت لەم شێوازەی ئێستایدا، ئەوا دەرەنجامێکی کارەساتاوی دەبێت بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان و کار و بازرگانییەکانی نێوانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG