Accessibility links

تاران بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان، هێرشەکەی ئیسڕائیل بە کەم و بچوک ناودەبات


وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان

تەقینەوەیەک ڕۆژی هەینی لە شاری ئەسفەهان بیسترا و سەرچاوەکانیش دەڵێن هێرشێکی ئیسڕائیل بووە، بەڵام تاران ڕووداوەکە بە کەم و بچووک ناو دەبات و دەڵێت هیچ پلانێکی نیە بۆ تۆڵەکردنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، کە سەرچاوەکان دەڵێن ئیسڕائیل دژی شاری ئەسفەهانی ئێرانی هەڵیداون، " فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک " بوون و هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددییان لێنەکەوتووەتەوە.

سنوورداریی هێرشەکە و وەڵامە بێدەنگەکەی ئێران وادەردەکەوێت ئاماژەیەک بن لەسەر هەوڵە سەرکەوتووەکانی دیپلۆماتکاران کە کارییان کردووە بۆ دوورخستنەوەی جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران و بەرپرسان دەڵێن چەند تەقینەوەیەکی کەم هەبوون، تەقینەوەکانیش بەهۆی ئەوەوە بوون کە بەرگرییە ئاسمانییەکان بەسەر ئاسمانی ئەسفەهانەوە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان خستووەتە خوارەوە. ڕووداوەکەیان وەکو هێرشێک ناوبرد کە لەلایەن " ئەو کەسانەوە ئەنجام دراوە کە ویستوویانە دزە بکەنە ئێرانەوە " وەک لەوەی بیخەنە پاڵ ئیسڕائیل، بەوەش خۆیان بە دوورگرت لە پێویستی وەڵامدانەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ڕۆیتەرزی وت هیچ پلانێکییان نیە بۆ وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل لەسەر ئەو ڕووداوە.

وتی " سەرچاوەی دەرەکی ڕووداوەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە. هیچ هێرشێکی دەرەکیمان نەکراوەتە سەر، گفتوگۆکانیش زیاتر لەسەر دزەکردنن وەک لەوەی هێرشێک ڕوویدابێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیانیش بە وریارییاوە لێدوانی بۆ نوێنەرانی وڵاتانی موسوڵماندا لە نیویۆرک.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری ئەمیرعەبدوڵاهیانەوە بڵاویکردەوە "میدیاکانی لایەنگری ڕژێمی زایۆنی لە هەوڵێکیاندا ویستییان سەرکەوتنێک لە شکستەکەیاندا دروست بکەن، لە کاتێکدا کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکەکان هیچ زیانێکی گیانی یاخود ماددییان نەبووە."

ئیسڕائیل هیچ شتێکی سەبارەت بەو ڕووداوە نەوتووە و واشنتنیش ڕەتی کردەوە بخرێتە ناو بابەتەکەوە.

ئیسڕائیل پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە تۆڵەی هێرشەکانی ئێران دەکاتەوە بۆ سەر ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG