Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: ئیسڕائیل لە دوا ساتدا ئەمەریکای لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران ئاگادار کردووەتەوە


بەرپرسان دەڵێن ڕۆژی هەینی ئەمەریکا بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتی وتووە کە " لە دوا ساتدا " لەلایەن ئیسڕائیلەوە زانیاری پێگەیشتووە سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی بۆ سەر ئێران، بەڵام بەشداری لەو هێرشەدا نەکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتی کرد، وتی لە دانیشتنەکەی بەیانی ڕۆژی هەینیدا ئەمەریکا ئەو زانیارییەی داوە کە لە دوا ساتدا ئاگادار کراوەتەوە.

بەیانی زووی ڕۆژی هەینی ئێران موشەکی بەرگری ئاسمانی لە بنکەیەکی ئاسمانی گەورە و کارخانەیەکی ئەتۆمییەوە لە نزیک شاری ئەسفەهانی ئێران هەڵدا، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ' درۆنی " بینیوە.

تاجانی وتی ئەمەریکا بە وەزیرانی کۆمەڵەی حەوتی وتووە کە " لە دوا ساتدا " لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئاگادارکراوەتەوە سەبارەت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. " بەڵام ئەمەریکا هاوبەشی نەکردووە لەو هێرشەدا."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕەتی کردەوە لێدوان لەوبارەیەوە بدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا بەشدار نەبووە لە هیچ هێرشێکدا و پابەندە بە کارکردنەوە بۆ " کەمکردنەوەی گرژییەکان " لە ناوچەکەدا.

بلینکن وتی " باسی ئەوە ناکەم تەنها ئەوە دەڵێم کە ئەمەریکا لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی هێرشکردندا بەشدار نەبووە."

وتی " ئەوەی ئێمە سەنگمان خستووەتە سەر، ئەوەی کۆمەڵەی حەوت سەنگی خستووەتە سەر، لە بەیاننامەکەماندا ڕەنگی داوەتەوە، لە گفتوگۆکانماندا ڕەنگی داوەتەوە، کاری ئێمە کەمکردنەوەی گرژییەکانە."

کاتێک داوای لێکرا باس لە پەیوەندییەکەی ئێستای نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل بکات، بلینکن ئاماژەی بەوەدا کە ئیسڕائیل خۆی بڕیارەکانی خۆی دەدات و ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە.

بلینکن وتی " ئێمە پابەندین بە یارمەتیدانی ئیسڕائیلەوە لە بەرگریکردن لە خۆیدا و بەشداریکردنمان بەپێی پێویست لە بەرگریکردن لێی، وەکو چۆن چەند ڕۆژێکی کەم لەمەوبەر بینیتان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە یارمەتیدانی ئیسڕائیلدا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل.

بلینکن وتی " دووبارە دەیڵێمەوە، ئیسڕائیل بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام ئێمە پابەندین بەرگریکردن لێیەوە."

تاجانی وتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت سەرجەمییان زانیارییەکانییان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بەوەی چی دەزانن لە بارەی ڕووداوەکەی ناو ئێرانەوە، وتی لە ڕێی پەیوەندی تەلەفونییەوە لەگەڵ باڵیۆزەکانی ئیتاڵیادا لە تەل ئەڤیڤ و تاران قسەی کردووە و دڵنیا بووەتەوە لەوەی ئەو ئیتاڵیاییانەی کە لە ئەسفەهان دەژین سەرجەمییان پارێزراون.

تاجانی وتی " هیچ کوژراو و بریندارییەک نەبووە. کۆمەڵێک ئیتاڵی هەن لەو شارەدا دەژین کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ چوون و هیچ کێشەیەکییان نیە. دەڵێن ژیانی ئاسایی بووەتەوە، ئاسمانی ئێرانیش دووبارە کراوەتەوە."

وتی " وادیارە کەشەکە ئەمڕۆ باش بووە."

دوای کۆبوونەوە سێ ڕۆژەییەکەی کۆمەڵەی حەوت، وەزیرانی بەڕیتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ژاپۆن و ئیتاڵیا و ئەمەریکا لە یاداشتنامەیەکدا داوایان لە سەرجەم لایەنەکان کرد " خۆیان بە دووربگرن لە زیادکردنی زیاتری گرژییەکان."

لە یاداشتەکەدا بەڵێنی پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئیسڕائیل دراوە و هەروەها " بە توندترین شێوە " سەرکۆنەی " هێرشە بێپێشینەکەی ئێران دژی ئیسڕائیل لە 13-14 ی مانگی چواردا کردووە، کە ئیسڕائیل بە یارمەتی هاوبەشەکانی پووچەڵی کردەوە."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG