Accessibility links

دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات


دادگای باڵای فیدڕاڵ بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد. بە پێی ئەو بڕیارە بڕگەی دووی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕادەگیرێت.

بڕگەی دووە تایبەتە بە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لە 100 کورسی پێکدێت و بەسەر بازنەی هەڵبژاردنەکاندا بەم شێوەیە دابەش کراوە: پارێزگای هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجە 3 کورسی.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، پاش سکاڵایەکی ڕۆژی 6ی پێنجی 2024ی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بوو لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە تیایدا داوا دەکات فەرمان بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەربکات.

لە سکاڵاکەدا دەڵێت "کۆمسیۆن لە دابەشکردنی هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا سەرپێچی یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستووری عێراقە."

پاش سکاڵاکەی مەسرور بارزانی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ڕۆژی سێشەممە 7ی پێنج داوایەكی ئاراستەی دادگای باڵای فیداڵی كردووە و تیایدا دەڵێت تانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێچەوانەی ماددەی 19 دووهەم و ماددەی 23ی دەستوورییە.

دەزگای ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشمانی کوردستان دەڵێت " راگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمیسیۆن لەم كاتە هەستیارەدا كە ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و كۆمیسیۆن گرێبەستەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكەی تەواو كردووە، لەوانە چاپكردنی فۆرمەكانی دەنگدان و گرێبەستی پرۆگرامی ئامێرەكانی دەنگدان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شەڵەژان بۆ كارەكانی كۆمیسیۆن دروست دەكات."

XS
SM
MD
LG