Accessibility links

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت ئاگادارنییە سەرۆکی حکومەتی هەرێم سکاڵای لەسەر تۆمارکردبێت


وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئاگاداری ئەو داوایە نین کە گوایە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمسیۆنەکەی تۆمارکردووە و دەشڵێت، ئەوان بەردەوامن لە ئامادەکاریەکانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە فەرمی هیچ ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بەوەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لەسەرمان کردبێت نەگەشتووەتە دەستمان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێمە مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەین."

وتیشی، "کۆمسیۆن ئیش لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن دەکات لە وادەی دیاری کراوی خۆیدا، ئێمە وەک کۆمسیۆن کە وادەی یاساییمان لە 7ی مانگی حەوت تەواو دەبێت، هەتا وادەی یاسایی خۆمان ئێمە ئامادەین بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بە پێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێم لە 10ی مانگی شەش."

بە پێی نووسراوێک کە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کرایەوە، ئەمڕۆ 6ی مانگی پێنج مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە، داوا دەکات فەرمان بۆ ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەربکات.

لە سکاڵاکەدا هاتووە، "کۆمسیۆن لە دابەشکردنی هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا سەرپێچی یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستووری عێراقە."

سکاڵاکە دەشڵێت "راستە ئەم بڕگەیە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام بنەمایەکە دەستوور پەسەندی کردووە و پێویستی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانە لە تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، بۆیە پێویستبوو کۆمیسیۆن رەچاوی هاوسەنگی بکات، بە دیاریکراوی تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی."

دەنگی ئەمەریکای سەربەخۆ نەیتوانی ڕاستی ئەم سکاڵایە پشتڕاستبکاتەوە. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو ئاگاداری سکاڵایەکی وەها نییە.

بە پێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 10ی مانگی شەش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی سووربوونی پارتی لەسەر بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردن کێشە بۆ ئەنجامدانی لە کاتی خۆیدا دروستبووە.

یەکێتی و لایەنەکانی تر جگە لە پارتی جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە. لە دوایەمین هەڵویستیشدا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، دوای کۆبوونەوەی بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، "هەموو کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت، سكاڵای یاسایی دەکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ 6ی مانگی پێنج نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەشتە تەهرانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبۆوە. هەرچەندە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێکدەدرێتەوە، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، " بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەکانمان لە ئێران باسی هەڵبژاردنمان نەکردووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:44 0:00
XS
SM
MD
LG