Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان یاسا نوێیەکەی عێراق بۆ بە تاوانناساندنی پەیوەندی هاوڕەگەزخوازان بە مەترسی دادەنێت


ڕەڤینا شەمداسانی، وتەبێژی ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕەڤینا شەمداسانی، وتەبێژی ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە پەیوەندی هاوڕەگەزبازانی تێدا بە تاوان دەکرێت و ئەگەری سزای زیندانیکردنی بۆ 15 ساڵ هەیە.

ڕەڤینا شەمداسانی، وتەبێژی ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم جۆرە یاسایانە "ڕەوایەتی دەدات بە جیاوازیکردن، خەڵک خستنە بەردەم تاوانی ڕق و کینە، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی پۆلیس، هەراسانکردن، تۆقاندن، هەڕەشەکردن و ئەشکەنجەدان".

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و سزای 10-15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیاریکرد، ئەم هەنگاوەش لەلایەن گروپەکانی داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنە کرا و دەڵێن نوێترین هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان لە وڵاتەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش هەر پاش پەسەندکردی پرۆژەکە ڕؤژی شەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند " ئەم یاسایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوانەی کە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا لە مەترسیدان. دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ بەربەست دانان لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕیندا و هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرانسەری عێراقدا."

پڕۆژە یاساکە سەرەتا سزای مەرگی بۆ هاوڕەگەزخوازیی و لەشفرۆشی دانابوو، بەڵام دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دژایەتی پڕۆژەکەیان کرد، پەرلەمانی عێراق پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدات پڕۆژە یاساکەی هەموار کردەوە.

.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG