Accessibility links

قایمقامی چەمچەماڵ: لە هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا 2 کەس کوژراون و 4 کەسیش بریندار بوون


قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر دوو کەس کوژراون و چوار کەسی تریش بریندار بوون و دەشڵێت کوژراوەکان بیانین.

ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزی چەمچەماڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی هێرشەکە کاتژمێر 6:45 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕوویداوە و هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجام دراوە.

ڕەمەزان گوتیشی " هێرشەکە کۆگایەکی سوتەمەنی کردووەتە ئامانج و لیژینەکی لێکۆڵێنەوە پێکهێنراوە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان."

کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی کارەبای هەرێمی کوردستانە و بەهۆی هێرشەکەوە زیان بەر کارەبای هەرێمی کوردستان کەوتووە.

نزیکیە 2500 کەس لە کار دەکەن و کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی سەرکارە لەو کێڵگەیە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارتی خۆی لەو‌هێرشە ڕانەگەیاندووە و سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " هێشتا نازانین چ لایەنێک هێرشەکەی ئەنجامداوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە."

XS
SM
MD
LG