Accessibility links

بابەکر زێباری: حکومەتی عێراق تەنها لە شەنگال و مەخمور دەتوانێت هاوکاری سەربازی تورکیا بکات ئەگینا پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت


Babekir Zebari
Babekir Zebari

ڕاوێژکارێکی سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەگەری ڕووبەڕوبوونەوەی حکومەتی عێراقی لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل بە دوور دەزانێت بەوپێیەی "پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت."

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق ئەگەر بیەوێت لە شەڕی پەکەکە هاوکاری تورکیا بکات، تەنها دەتوانێت ل ەشەنگال و مەخمور هاوکاری بکات کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدان، ئەگینا پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت."

دەشڵێت، "پەکەکە لە شەنگال لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا جموجۆڵ ئەنجامدەدەن و چالاکی دەکەن."

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی مانگی 4ی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ حکومەتی عێراق نزیکی چەندین ڕێکەوتنامەی جیاوازی لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و گەشەپێدان لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد.

پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، "پێشوازی لەوە دەکەین پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق دانراوە، گفتووگۆمان کرد لەبارەی هەنگاوی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە."

لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێمان."

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی نێوان وڵاتەکەی و عێراق بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، عێراق و ئێران کە چەندین مانگە گفتووگۆ لەسەر خاڵەکانی دەکەن.

سەرچاوە بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا هات لەگەڵ عێراق ڕێککەوت و دواتر ئەردۆغان سەردانی هەولێر دەکات، پەیامی ئەوە دەگەیەنێتە بەرپرسانی هەرێم دژایەتی ڕێککەوتنەکە نەکەن. دواتر ئەردۆغان سەردانی ئەمەریکاش دەکات و داوای پشتگیری دەکات لەبەرامبەر ئەوەی کاری بۆ سەقامگیری لەناوچەکە کردووە."

دەشڵێت، "لەقاڵبدانی پەکەکە و حزبە کوردییەکانی ئێران بەشێکە لە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان ئێران، تورکیا و عێراق؛ سەرەتا ئەو حزبانە لە قاڵب بدرێن و دواتر جوڵەیان دەستنیشان بکرێت. پلانەکە وایە ڕێگە لە جوڵەی پەکەکە بگیرێت دژی تورکیا و کێشەی بوونی پەکەکەش لە شەنگال چارەسەر بکرێت."

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای عێراق، 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆکرد.

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و تورکیا لە بەغدا ڕۆژی 22-4-2024.
کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و تورکیا لە بەغدا ڕۆژی 22-4-2024.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیوادارین سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم، ئاسایش و سەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت و ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و کورد و تورکیا."

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق لەکاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای تورکیا ئاماژە بە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە ماوەکانی داهاتوودا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم دەکەن بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:05 0:00

XS
SM
MD
LG