Accessibility links

سەرۆکی تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام دەدەن


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پاش سەردانە دەگمەنەکەی ڕۆژی دووشەممەی بۆ عێراق کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ئەنجام دەدات.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەد شییاع ئەلسودانی لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی تورکی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دەدات."

ئامانج لەم سەردانە پلان بۆ داڕێژراوەی ئەردۆغان دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیایە و چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک ڕێککەوتن کە بریتین لە هاوکاریی وزە، بازرگانی و ئاسایشی مۆر بکرێت و تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی شەڕی دژ بە پەکەکەیە.

سەردانەکەی ئەردۆغان کە لە مێژە چاوەڕوان دەکرا و یەکەم سەردانی سەرۆکی تورکیایە بۆ عێراق لەوەتای ساڵی 2011ەوە و دوای چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەکان دێت، پاش ئەوەی ئانکەرە ئۆپەراسیۆنەکانی سنووربەزاندنی عێراقی دژی چەکدارانی پەکەکە زیاتر کرد کە بنکەیان لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری نێوان عێراق و تورکیایە .

پاش کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی عێراق لەتیف ڕەشید، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆک ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا لە شەڕی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەدا چاوەڕوانی لە عێراق هەبووە، کە عێراق دەبێت هەموو جۆرە تیرۆرێک بنبڕ بکات".

سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەغدا 22ی چواری 2024
سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەغدا 22ی چواری 2024

سەرۆکی عێراق لەتیف ڕەشید کە باڵاترین بەرپرسی کوردە لە عێراق، ڕایگەیاند، عێراق پشتیوانی لە کاری هاوبەش دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دژی ئەوەبووە کە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر هەر دراوسێیەک بەکاربهێنرێت، بەڵام ڕەشید هەروەها جەختیشی کردەوە لەوەی، عێراق دژی هەر جۆرە هێرشێکیشە بۆ سەر خاکەکەی.

عێراق ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیە و هاووڵاتی مەدەنی تێدا کوژراون. ئانکەرە دەڵێت دەبێت خۆی لە پەکەکە بپارێزێت، کە تورکیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی وەک گروپێکی تیرۆریستی لێی دەڕوانن.

هاوکاری لەسەر پڕۆژە ئابوورییە گەورەکانیش بەشێکن لەم سەردانە.

هەروەها بەغدا داوای ڕێککەوتنێک دەکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی زیاتر لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە هەردووکیان سەرچاوەکانیان لە تورکیایە و سەرچاوەی سەرەکی ئاوی پاکن بۆ عێراق.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ڕەشید بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە، عێراق مافی خۆیەتی "پشکی دادپەروەرانەی" خۆی لەو ئاوە وەربگرێت.

بەرپرسانی عێراق و تورکیا ڕایانگەیاند، لە سەردانەکەی ئەردۆغان کە یەک ڕۆژە، زیاتر لە 20 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت پاش کۆبوونەوەکانی لە بەغدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەرەو هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێ بکەوێت و لەوێش لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمەکە کۆببێتەوە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG